وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم و عێراق رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2018‌ :: 969‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك رێككه‌وتوون، كه‌ گرنگترینیان داننانه‌ به‌ پشكنییه‌كانى كوالێتى كۆنتڕۆڵى هه‌رێم و كه‌منه‌كردنه‌وه‌ى به‌شه‌ ده‌رمانى هه‌رێم.


له‌كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم و عێراق كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى دكتۆر رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى هه‌رێم و عه‌لادین عه‌لوان وه‌زیرى ته‌ندروستى عێراق ئه‌نجامدرا، له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك رێكه‌وتنكراوه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى كانوونى یه‌كه‌م، دكتۆر خاڵس قادر وته‌بێژو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زۆر پرسى گرنگ تایبه‌ت به‌ ده‌رمان و كێشه‌ى ئاواره‌كان له‌رووى ته‌ندروستى و پشكنینى كوالێتى كۆنتڕۆڵى هه‌رێم تاوتوێكران.

وتیشى: "به‌پێى رێككه‌وتنمان له‌مه‌ودوا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق دانده‌نێت به‌و پشكنیینانه‌ى كه‌ له‌ كوالێتى كۆنتڕۆڵى هه‌رێم له‌باره‌ى ده‌رمانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، هه‌روه‌ها هه‌رچه‌نده‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بۆ 12،67% كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق به‌رده‌وامده‌بێت له‌سه‌ر ناردنى به‌شه‌ ده‌رمانى هه‌رێم به‌رێژه‌ى 17%".

له‌باره‌ى ئاواره‌كانى هه‌رێم، دكتۆر خاڵس وتى: "وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق به‌شێك له‌ ده‌رمان بۆ ئاواره‌كانى هه‌رێم ده‌نێرێت، هه‌روه‌ها له‌مه‌ودوا پزیشکان و کارمەندانی هەرێم به‌شداریان پێده‌كرێت لەو راهێنان و کۆنفرانسانه‌ى كه‌ له‌ ناوخۆى عێراق و ده‌ره‌وه‌ى وڵات ئه‌نجامده‌درێن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure