بزوتنه‌وه‌ له‌باره‌ى دەستلەكاركێشانەوەی ژمارەیەك ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تییان هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2018‌ :: 603‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت: سه‌ركرده‌ زویره‌كانیان دەستیان لە پۆستەكانیان كێشاوەتەوە، نەك لە بزووتنەوەی ئیسلامی.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى كانونى یه‌كه‌م ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئه‌نجامدا، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان دەستلەكاركێشانەوەی ژمارەیەك سەركردەی ئەو حیزبە بوو لە رۆژانی رابردوو.

دواتر عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی رەوشی سیاسی عێراق و كوردستان و نێوخۆیی حیزبیان كردووە و دووپاتیان كردووه‌تەوە لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆنفرانس ببەستن، بەمەبەستی گۆڕانكاری ریشەیی و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە.

وتيشى: "لەم چەند رۆژەدا چەند برایەكمان دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە، ئێمە هیچ برایەكمان لێ زیادنییە، بەڵكو هەموو هەوڵێك بۆ رەخساندنی كەشی گونجاو دەدەین، بۆ هەموو كادیر و ئەندامانمان كە بتوانن درێژە بە كاروانی خەباتی سیاسی بدەن".

لە وەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەوەی قسە لەگەڵ ئەو سەركردانەیان دەكەن بەمەبەستی گەڕانەوەیان، وەرتی وتی: "دەمەوێت روونكردنەوەیەك بدەم، ئەوان دەستیان لە پۆستەكانیان كێشاوەتەوە، نەك لە بزووتنەوە، هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بمێننەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا دەربارەی ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو سەركردانەیان پەیوەندی بە دەستی دەرەكی لایەنە ناوخۆییەكانی هەرێمەوە نییە، ناوبراو وتی: "پەیوەندی بە دەستی دەرەكییەوە نییە، پرسێكی نێوخۆییە و رێگەنادەن هیچ دەستێكی دەرەكیش دەست لە كاروباریان وەربدات".

سەبارەت بەوەی لە كۆنفرانس رابەری گشتی ئامادەیە دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە، عەبدوڵا وەرتی دەڵێت: "وازهێنانی هەر بەرپرسێكمان دەخرێتەبەر دیدی ئەندامان لە كۆنگرە یان لە كۆنفرانس، لەوێ بڕیاری لێدەدرێت، بەڵام ئێمە داوا لەو برایانە دەكەین كێشەكانمان نەخەینە میدیا، بەڵكو بیبەینە كۆنگرە و كۆنفرانس بۆ چارەسەركردن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure