نزیكه‌ى دوو ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانى سلێمانى-یان كردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2018‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ئاشكرايده‌كات: ئه‌مساڵ نزیكه‌ى دوو ملیۆن گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكه‌ كردووه‌ و به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو زیاتر له‌ 600 هه‌زار گه‌شتیار زیادیكردووه‌.


عه‌لى ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ى خراوه‌ته‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى كاریگه‌رى راسته‌وخۆى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌رتى گه‌شتیارى هه‌نگاوێكى تر چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ له‌ هاتنى گه‌شتیاران بۆ پارێزگاكه‌مان و زیادبوونى داهات.

وتیشى: "له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كو 25ى كانونى یه‌كه‌م ملیۆنێك و 933 هه‌زار و 41 گه‌شتیار له‌ رێگه‌ى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ و فڕۆكه‌خانه‌ و بازگه‌كان هاتوونه‌ته‌ پارێزگاى سلێمانى، به‌ڵام له‌ ساڵى رابردوودا ملیۆنێك و 371 هه‌زار و 460 گه‌شتیار روویان له‌ سلێمانى كردووه‌".

عه‌لى ره‌ئوف، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا سێ هه‌زار و 627 پشكنینمان بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ئه‌نجامداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 181 شوێنكارى گه‌شتیاریمان داخستووه‌، هه‌روه‌ها 70 شوێنكار به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى رێنماییه‌كان و كه‌موكورتیانه‌وه‌ غه‌رامه‌یان بۆ كراوه‌ و هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ مۆڵه‌تى كاركردنى 88 شوێنكارى گه‌شتیارى پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌.

باسى له‌وه‌شكرد: له‌ داهاتوودا پلانمان هه‌یه‌ سه‌نته‌رى سلێمانى له‌ رووى گه‌شتیارییه‌وه‌ ببوژێنینه‌وه‌ و ئه‌و پڕۆژانه‌ى ساڵانى رابردوو مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ ته‌واویان بكه‌ن، شه‌ش پڕۆژه‌ش كه‌ لێی نه‌پرسراوه‌ته‌وه‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكراومان داوه‌ته‌ دادگا.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داهاتى گه‌شتیاریمان له‌مساڵدا دوو ملیار و 116 ملیۆن دینار بووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا رسومات له‌ 50% كه‌مكرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى رابردوودا داهاتى گه‌شتیارى دوو ملیار دینار بووه‌، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ سه‌دا پێنج داهاتى گه‌شتیارى پارێزگاى سلێمانى زیادیكردووه‌.

به‌وته‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى 188 شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى گه‌شتیاران هه‌یه‌ و له‌مساڵدا 10% رێژه‌ى شوێنى حه‌وانه‌وه‌ بۆ گه‌شتیاران زیادیكردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە