رێككەوتنی لایەنەكانی هاوپەیمانی سەردەم بۆ دابەشكردنی پۆستەكانیان ئاشكرادەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/12/2018‌ :: 727‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی هاوپەیمانی سەردەم رایدەگەیەنێت، ئەگەر لە حكومەتی نوێی هەرێمدا پۆستی حكومییان پێدرا بەلایانەوە ئاساییە هەر حیزبێكی نێو هاوپەیمانییەكە وەریبگرێت.


لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستاندا (حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پارتی كرێكاران و رەنجدەران، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان) لەچوارچێوەی هاوپەیمانی سەردەم بەشداربوون كە عەبدوڵا حاجی مەحمود، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست سەرۆكی هاوپەیمانییەكە بوو، لە هەڵبژاردنەكەشدا یەك كورسییان بەدەستهێنا و عەبدوڵا حاجی مەحمود بووە ئەندامی پەرلەمان.

غەفور مەخموری، سكرتێری گشتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: پەرلەمانتارەكەمان نوێنەرایەتی هاوپەیمانییەكە دەكات، بۆ بەشداربوونیشمان لە حكومەتی نوێ هەر لایەنێك بەشدار بێت، نوێنەرایەتی ئەو لیستە دەكات.

سەبارەت بەچۆنێتی رێككەوتنیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان ئەگەر لە حكومەتی نوێدا پۆستیان پێدرا، ناوبراو وتی: "پێشتر رێككەوتن كراوە كە بەپێی رێژەی دەنگەكان پۆستەكان دابەش بكرێت، بەڵام رێژەكە بەپێی پێویست دیار نییە، لە حاڵەتی بەشداربوونیشمان لە حكومەت، ئێمە وەكو یەكێتی نەتەوەیی حەساسیەتمان نییە بەوەی چ لایەنێكمان پۆست وەردەگرێت، ئێمە بین یان پارتی كرێكاران و رەنجدەرات، یان حیزبی سۆسیالیست".

سەبارەت بەوەی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانیش هەمان بۆچوونیان هەیە بۆ پۆستی حكومی كە بدرێتە هەر لایەنێكی هاوپەیمانییەكە، مەخموری رونیکردەوە: باوەڕ دەكەم هەمان بۆچوونیان هەبێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure