سه‌ركردایه‌تییه‌كى پارتى: كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت له‌كاتى خۆى پێكده‌هێندرێت

هەواڵ / کوردستان :: 26/12/2018‌ :: 564‌ جار بینراوە
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
تائێستا پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم رێككنه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌كانیشیان بۆ دواى سه‌رى ساڵ دواخراوه‌، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتیش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وان حكومه‌تی هه‌رێم پێكناهێندرێت ئه‌وا به‌ هه‌ڵه‌دا چووه‌".


له‌ماوه‌ى چل رۆژى رابردوو، شاندى دانووستانكارى پارتى دووجار له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و دووجار له‌گه‌ڵ گۆڕان كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێ رێككنه‌وتووه‌.

دكتۆر ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تا بكرێت ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌هیچ لایه‌نێك پارتى تاقینه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كاتى دیاریكراوى یاسایی خۆى پێكده‌هێندرێت.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وان حكومه‌تی هه‌رێم پێكناهێدرێت یان دوو ئیداره‌یی دروستده‌بێت، ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌دا چووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتی هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ڵێنی داوه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز دروستده‌كات كه‌ هی هه‌موو كوردستان بێت".

نزیكه‌ى سێ مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تێپه‌ڕبووه‌ كه‌ له‌ 30 ئه‌یلولى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام تائێستا له‌سه‌ر ئاستى ره‌سمى ته‌نها كۆبونه‌وه‌یه‌كى كراوه‌ى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چووه‌.

له‌سه‌ر ئاستى لایه‌نه‌كانیش هه‌ر سێ لایه‌نى براوه‌ى یه‌كه‌م چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام له‌ هیچ كام له‌ كۆبونه‌وه‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌شدارى له‌ حكومه‌ت و پشكى لایه‌نه‌كان نه‌كراوه‌.

له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى به‌شدارینه‌كردنى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێ، دكتۆر ئاراس وتى: "حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بێت یان به‌بێ ئه‌وان، له‌وه‌یاندا یه‌كێتى خۆى سه‌رپشك ده‌بن، ده‌توانن به‌شدارى بكه‌ن و ده‌شتوانن به‌شدارى حكومه‌ت نه‌كه‌ن".

به‌ڵام ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌دوریده‌زانێت حكومڕانى به‌بێ حزبه‌كه‌ى بكرێت.

پێشتر جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: نە پارتی بێ یەكێتی دەتوانێت حوكمڕانی بكات و نە یەكێتیش بێ پارتی.

هەورامی وتیشى: "یەكێتی دەیەوێت لە حكومەتی نوێ شەریك بێت بەمانای كورسی و وەزیر نا، بەڵكو شەریك بێت لە سیاسەت و پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەرچاوە سروشتییەكان و ئاگاداری داهات بێت، دەبێت لە بڕیاری سیاسیدا هاوبەش بن، حكومەت تەنها لە كورسی و وەزیر پێكنەهاتووە".

لایه‌نى سێیه‌مى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنیش پێكهێنانى حكومه‌ت به‌بێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ ئه‌سته‌م ده‌زانێت

چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بە دواڕۆژی وت: پارتی لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت لەگەڵ كۆتاكان حكومەتی نوێ پێكبێنێت، بەڵام نە پارتی دەتوانێت بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت، نه‌ بەبێ گۆڕانیش دەتوانن حكومەت پێكبێنن و پڕۆسەی سیاسی بگەڕێننەوە بۆ 20 ساڵ پێش ئێستای فیفتی فیفتی. 

سەبارەت بەوەی تا یەكێتی بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم خۆی یەكلایی دەكاتەوە، ئەوان ئامادەن بێ یەكێتی، لەگەڵ پارتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت یەكلایی بكەنەوە، چالاك موهەندیس وتی: "نەخێر بێ یەكێتی كاری لەو جۆرە ناكەین و پێمان باشە یەكێتیشی تێدا بێت".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure