بەرپرسێكی گۆڕان: بێ یەكێتی پەرلەمان و حكومەت لەگەڵ پارتی یەكلایی ناكەینەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/12/2018‌ :: 578‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایدەگەیەنێت: ئەوان بەبێ یەكێتی، لەگەڵ پارتی رێكناكەون بۆ یەكلاییكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم و ده‌شڵێت: رەنگە پێش سەری ساڵی نوێ، گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكان ئەنجام بدرێت.


چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوان چاوەڕێی شاندی پارتین كە راسپێردراون بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، یەكێتی لە بەشی خۆیان چی دەكەن ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی حكومەتی بەهێز لەكوردستان دروستبكرێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانانەی كە دروستكراوبوون و هەبوون، پێیان باشە یەكێتی لەو حكومەتە بەشدار بێت.

ئاماژەی بەوەكرد: پارتی لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت لەگەڵ كۆتاكان حكومەتی نوێ پێكبێنێت، بەڵام نە پارتی دەتوانێت بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت، نه‌ بەبێ گۆڕانیش دەتوانن حكومەت پێكبێنن و پڕۆسەی سیاسی بگەڕێننەوە بۆ 20 ساڵ پێش ئێستای فیفتی فیفتی. وتیشى: "پارتی و یەكێتی باش لەوە تێگەیشتوون كە سەنگی گۆڕان جەماوەرییە و نایانەوێت شەقام لە خۆیان بوروژێنن".

سەبارەت بەوەی تا یەكێتی بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم خۆی یەكلایی دەكاتەوە، ئەوان ئامادەن بێ یەكێتی، لەگەڵ پارتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت یەكلایی بكەنەوە، چالاك موهەندیس وتی: "نەخێر بێ یەكێتی كاری لەو جۆرە ناكەین و پێمان باشە یەكێتیشی تێدا بێت".

دەربارەی ئەوەش پێشبینی دەكەن پێش سەری ساڵ گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ دەستپێبكات، ئه‌ندامه‌كه‌ى جڤاتى گۆڕان روونیكردەوە: رەنگە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ هەبێت، چونكە پارتی پێیباشە ئەو كارە زوو بڕوات، گۆڕانیش بڕیاریداوە بە بەردەوامبوون لە گفتوگۆكردن و دەرگایان واڵایە و چاوەڕێی پارتی دەكەن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure