چەند كەسایەتییەكی گرنگ پاڵیوراو‌ن وێنەیان بچێتە سه‌ر دراوی 50 پاوه‌ندی

هەواڵ / جیهان :: 27/12/2018‌ :: 220‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ستیڤن هاوكینگ و مارگرێت تاچه‌ر و ئادا له‌ڤله‌یس له‌ لیستێكی نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سیدان كه‌ پاڵێوراون ناویان بچێته‌ سه‌ر دراوی په‌نجا پاوه‌ندی.


مارك كارنی پارێزگاری بانكی ئینگلته‌را له‌ ماوه‌ی رابردوودا رایگه‌یاند:  دراوی نوێی بریتانیا كه‌ له‌ ماده‌ی پۆلیمه‌ر دروستده‌كرێت، رێز له‌ ده‌ستكه‌وته‌ زانستییه‌كانی بریتانیا ده‌گرێت.

بانكه‌كه‌ رایگه‌یاندووە: له‌ماوه‌ی 6 هه‌فته‌دا كه‌ هه‌تا 14ی ئه‌م مانگه‌ی خایاند، به‌شداربووان 230 هه‌زار ناویان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تۆمار كردووه‌ كه‌ 992 كەسایەتیی بوون.
به‌شێكی تر له‌و كه‌سانه‌ی ناویان له‌و لیسته‌دا تۆمار كراوه‌ ئه‌مانه‌ن: ئالان تێرینگ، رۆزالیند فرانكلین، دۆرۆتی هۆجكین، ماگنۆس پایك و ماری ستۆپێز.
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بوونێكی راسته‌قینه‌ی هه‌بووبێت و له‌ ژیاندا نه‌مابێت و خزمه‌تی زانستی كردبێت هاوینی داهاتوو ده‌خرێته‌ سه‌ر دراوی 50 پاوه‌ندی.

ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ چیتر له‌ كاغه‌ز دروست ناكرێت و پێشتریش ده‌ست كرا به‌ چاپكردنی دراوی 20 پاوه‌ندی له‌سه‌ر پۆلیمه‌ری پلاستیكی و وێنه‌ی جه‌ی ئێم ده‌بلیو تێرنه‌ری هونه‌رمه‌ندی له‌سه‌ره‌.

دراوی 50 پاوه‌ندیش كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت وێنه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی زانستی ده‌خرێته‌ سه‌ر و جێگه‌ی ماتیۆ بۆڵتن و جه‌یمس وات ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێشه‌نگی شۆڕشی پیشه‌سازی بوون.

هه‌ندێكی تر له‌ كێبڕكێكاران بۆ سه‌ر ئه‌و دراوه‌ بریتین له‌ ئالیس ڤیكی كه‌ یه‌كه‌م ژنی پاڵێوراوه‌ و زانای بواری كیمیا و ده‌رمان بووه‌، هه‌روه‌ها هێلین بیتریكس پۆته‌ری نووسه‌ر و زانای سروشتناس و پیته‌ر مانسفیڵدی پێشه‌نگ له‌ بواری ئامێری MRI.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure