پارەی دڕاو تەنگی بەبازاڕ ھەڵچنیوە و تازەش گرانە

هەواڵ / ئابوری :: 26/12/2018‌ :: 1485‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی زریان محەمەد
لەئێستادا پارەی وردە لەبازاڕدا كەمبوه‌تەوە و ئەوەی له‌ بازاڕیشدایه‌، دڕاوە و ھاووڵاتیان نیگەرانن، پارەی تازەش لە بازاڕدا نرخی گرانترە.


محەمەد ئیبراھیم، لەبازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: "ئێمە رۆژانە لەبازاڕدا پارەی وردەی دڕاومان زۆر بۆ دێت، ئەوەش مامەڵەکردنی خاوکردۆتەوە، چونکە خەڵک پارەی دڕاو وەرناگرێت و پارەی وردەش لەبازاڕدا کەمە".

ڕاشیگەیاند: "پارەی ھەزار دیناری نوێ ئه‌گەر 100 دۆلار بگۆڕیتەوە 113 ھەزار دینارت  پێده‌ده‌ن و 250 دیناریش کەمە ئه‌گەر ھەبێت 100 دۆلار بە 107 ھەزار دەگۆڕدرێتەوە لەکاتێکدا 100 دۆلار لەبازاڕدا 120 ھەزار دینارە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەئێستادا بانکەکان وەک پێویست پارەی وردەی دڕاومان بۆ ناگۆڕنەوە، چونکە خۆشیان لایان نیە، ئەمەش لەبازاڕەکان و مارکێتەکاندا کێشەی زۆری بۆ ھاووڵاتیان دروستکردوە، بۆیە پێویستە حکومەت پارەی وردەی زیاتر بخاتە بازاڕەوە تا ھاووڵاتیان توشی کێشەی زیاتر نەبن".

ڕێکان کەمال، خاوەنی مارکێتێکە دەڵێت: "رۆژانە ئێمە پێویستمان بە وردەی ھەزاری و 500 دیناری و 250 دینارییە، ئەوەی کە لە بازاڕدا ھەیه‌ زۆربەی دڕاوە و بە تیپ چاککراوەتەوە و دەیدەینەوە بەهاوڵاتیان، بەڵام زۆرجار ھاووڵاتیان وەریناگرن، ئەمەش کێشەیە بۆ ئێمە، بۆیه‌ پێویسته‌ بانکەکان و حکومەت پارەی وردە بخاتە بازاڕەوە".

بەڕێوەبەری بانکی ھەرێم لەسلێمانی رایدەگەیەنێت پارەی وردەمان بۆدێت بەڵام بڕەکەی کەمە.

عەبدلرەحمان ڕەشید، بەڕێوەبوری بانکی ھەرێم لە سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی ناوه‌ندى بۆمان دەنێرێت ناوبەناو وردەشی تێدایە، بەڵام وەک پێویست نیە، ئەوەی کەدێت دابەشی دەکەین بەسەر بانکەکان و دەیخەینە بازاڕەوە".

وتیشی: "پارەی دڕاو لە بانکەکان وەردەگیرێتەوە بەپێی ئەو ڕێنماییانەی بانکی مەرکەزی دایناوە، چونکە ئەوە کاری ئەوانە، ھەر پارەیەکیش بەکەڵکی بەکارھێنان بێت، ئەوا ئێمە ھەر کاری پێدەکەین و نایگۆڕینەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: لە ئێستادا ئێمە داوای بڕێکی زیاتری وردەمان کردووە تابتوانین بیخەینە بازاڕ و پارەی دڕاوی زیاتر بگۆڕینەوە.

پارەی وردەی دڕاو لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان لەئێستادا زۆربووە و ھاووڵاتیان نیگەرانبوون کە ئەمەش کاری لەسەر بازاڕ کردوە.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە