نیوه‌گۆیه‌كی مێشك چۆن به‌سه‌ر ئه‌وەی دیکەدا زاڵ ده‌بێت؟

هەواڵ / زانست :: 26/12/2018‌ :: 220‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ
مێشكی مرۆڤ له‌ دوو نیوه‌گۆ پێكدێت كه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر چوونیه‌كن به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و دوو نیوه‌گۆیه‌ به‌رپرسیاری كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی تایبه‌تمه‌نده‌، بۆ نمونه‌ نیوه‌گۆی لای چه‌پی مێشك ئه‌و ناوچانه‌ی مێشك له‌خۆده‌گرێت كه‌ به‌رپرسیارن له‌ قسه‌كردن (له‌ كه‌سانی چه‌پله‌ردا نیوه‌گۆی راست ئه‌م ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ره‌).


له‌ڕابردوودا زانایان پێیان وابوو كه‌ ئه‌م جیاوازیی ئه‌ركی نیوه‌گۆیانه‌ ته‌نیا له‌ مێشكی مرۆڤدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌موو گیانه‌وه‌ران هه‌ر له‌ مێرووه‌وه‌ هه‌تا شیرده‌ره‌كان هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه‌.

دوو نیوه‌گۆكه‌ی مێشك به‌ گه‌یه‌نه‌رێك پێكه‌وه‌ به‌ستراون به‌ڵام چۆنێتیی زاڵبوونی نیوه‌گۆیه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وی تریاندا هێشتا نه‌زانراوه‌. ئه‌مه‌ش وایكرد لێكۆڵه‌ران له‌ زانكۆیه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن و تیایدا له‌ بینایی كۆتریان كۆڵییه‌وه‌.

پێشتر زانایان پێیانوابوو نیوه‌گۆی زاڵی مێشك ئاماژه‌ بۆ نیوه‌گۆكه‌ی تر ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ نیوه‌گۆكه‌ی تردا لاواز بكات. به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و نیوه‌گۆیانه‌ بۆ ئه‌ركێكی دیاریكراو چالاك ده‌بن. بۆ نمونه‌ له‌ كۆتردا له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ست به‌ بیناییدا نیوه‌گۆی لای چه‌پی مێشكی كۆتره‌كه‌ و له‌ كاتی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆتره‌كانی تردا نیوه‌گۆی لای راستی مێشكی كۆتره‌كه‌ چالاك ده‌بوون.

لێكۆڵه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وت كاتێك لای چه‌پی مێشك هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ دیاریكراوه‌ به‌سه‌ر لای راستی مێشكدا زاڵ ببێت، لای راستی مێشكیش هه‌وڵ ده‌دات ئاماژه‌ بنێرێته‌ لای چه‌پی مێشك و چالاكییه‌كه‌ی رابگرێت به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌یه‌ دره‌نگتر ده‌نێرێت و به‌و شێوه‌یه‌ لای چه‌پی مێشك زاڵده‌بێت.

ئه‌نجامه‌كه‌ ده‌ریده‌خات زاڵبوونی نیوه‌گۆیه‌كی دیاریكراو به‌هۆی میكانیزمێكی ئاڵۆزه‌وه‌یه‌. هۆكاره‌كه‌ ته‌نیا رێگریكردن یان رێگه‌پێدان نییه‌ به‌ڵكو به‌هۆی جیاوازییه‌كی كاتیی زۆر كه‌می ناردنی ئه‌و ئاماژانه‌وه‌ هه‌یه‌. 

پێده‌چێت كاتێكی زۆر بخایه‌نێت تاوه‌كو مرۆڤ بتوانێت به‌ته‌واوه‌تی له‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ زۆر به‌سووده‌ی دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كان به‌سه‌ر نیوه‌گۆكانی مێشكدا تێبگه‌ین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure