بۆچى نرخه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ (0.99 $ & 1.99 $ & 999$ ) داده‌نرێن ؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/12/2018‌ :: 13416‌ جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس*
هه‌ركه‌سێكمان كاتێك به‌ناو بازاڕ یان ناوه‌نده‌كانى فرۆشتندا وه‌ك مۆڵ و سۆپه‌رماركێته‌كان گوزه‌ر ده‌كه‌ین و به‌دواى پێداویستىیه‌كانمدا ده‌گه‌ڕێن تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین و ده‌بینین نرخى هه‌ندێ له‌ شمه‌كه‌كان به‌م شێوه‌یه‌(49.99$ یان 2.99 $ یان 1.99$) دیاریكراون، ڕه‌نگه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ نرخ سه‌رنجى زۆربه‌مانى كێش كردبێت، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ سه‌رنجڕاكێشانى كڕیار به‌لاى كاڵاكاندا.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا بۆچى بازرگان و فرۆشیاره‌كان په‌نا بۆ ئه‌م شێوازه‌ى نرخدانان ده‌به‌ن و ڕاسته‌وخۆ نرخه‌كان دانانێن وه‌ك (1$ یان 20 $ یان 200$ ). 

نرخ دانانى ده‌روونى یان ده‌توانین بڵێن نرخدانانى سحرى (فێڵ) بریتىیه‌ له‌ستراتیژییه‌ك بازرگان و فرۆشیاره‌كان له‌سیسته‌مى بازاڕگه‌ریدا په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن، زۆربه‌ى بازرگانه‌كان ئاشنان به‌م شێوازه‌.  ئه‌م بیردۆزه‌ كار له‌سه‌ر بارى ده‌رونى كڕیارده‌كات، كڕیار وا هه‌ست ده‌كات گه‌ر به‌م نرخانه‌ پێداویستییه‌كانى بكڕێت، ئه‌وا به‌و داهاته‌ دیاریكراوه‌ى ڕه‌نگه‌ بتوانێت پێداویستى زیاتر پڕبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ وه‌همێكه‌ كه‌ فرۆشیار بۆ كڕیارى دروستكردوه‌،  بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر شمه‌كێك یان كاڵایه‌ك به‌ نرخى (1.99$) بكرێت به‌به‌راورد به‌ (2$) لێره‌دا هۆكارى ده‌روونى كار ده‌كاته‌ سه‌ر به‌كاربه‌ران وا داده‌نێت كه‌ له‌چوارچێوه‌ى (1$ ) دۆلاردا كاڵاكه‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌سته‌كه‌ ته‌نها ده‌روونى یه‌،  له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ست له‌ دانانى نرخ به‌م شێوه‌یه‌ كاركردن بێت به‌ یه‌كه‌كانى دراو (وه‌ك سه‌نت و یه‌ك دۆلار و پێنج دۆلارى) . 

به‌م سیاسه‌ته‌ى نرخدانان ده‌وترێت سیاسه‌تى نرخدان به‌ژماره‌ى نامۆ (غه‌ریب) كه‌ تێدا ژماره‌كه‌ به‌كه‌متر ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌واقعدا هه‌بێت ئه‌مه‌ش ئاره‌زووى كڕیار بۆ كڕینى شمه‌كه‌كه‌ راده‌كێشێت.

چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات نرخدانان به‌م سیاسه‌ته‌ به‌شدارى ده‌كات له‌زیادكردنى داهاتى فرۆشراوه‌كان ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌دێت  نرخدانان به‌ ($1.99) وا له‌ كڕیاران ده‌كات ڕاسته‌وخۆ سه‌یرى ژماره‌ى لاى چه‌پى نرخه‌كه‌ بكه‌ن، به‌مه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌روونى كڕیار واده‌كات به‌خێراى بڕیارى كڕین بدات، پاشان نرخه‌كه‌ به‌ ژماره‌كى كه‌م دێته‌ پێش چاوى، هه‌ست ده‌كات كه‌ نرخه‌كه‌ نزمه‌.

كه‌واته‌ لێره‌دا ته‌نیا چاو به‌راورد ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كى بێ ئاگایى له‌نێوان ژماره‌ (1 و 2)دا كڕیاره‌كه‌ ژماره‌ بچوكه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت ئه‌مه‌ دورخستنه‌وه‌ى كرٍیاره‌ له‌وه‌ى كه‌ بڕیارێكى عاقلانه‌ بدات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ردوو ژماره‌كه‌ له‌نرخدا وه‌ك یه‌كن ته‌نها به‌ڕێژه‌یه‌كى بچوك نه‌بێت (1.99 به‌به‌راورد به‌2) جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نىیه‌. ئه‌م فێڵ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌ له‌نرخداناندا تازه‌یه‌، زۆربه‌ى كات سه‌ركه‌وتنى تێدایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆربه‌ى كۆمپانیا بازرگانییه‌ گه‌وره‌كان ئه‌و سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.

به‌سه‌رنجدان له‌مۆڵ و سه‌نته‌رو سۆپه‌رماركێته‌كانى هه‌رێمى كوردستان تێبینى ده‌كه‌ین ئه‌م شێوازه‌ له‌ نرخدانان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ى كڕیاران هۆشیارى بازاڕكردنیان نییه‌ و به‌چاو بڕیار ده‌ده‌ن و ده‌بینین هه‌ندێ كات ده‌كه‌ونه‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر كڕین و فرۆشتن به‌شێوازى ڕاسته‌وخۆ بێت. ده‌توانین بڵێن ئه‌م شێوازى نرخدانانه‌ جۆرێكه‌ له‌ یاریكردن به‌ هه‌ست و ده‌روونى كڕیاران و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان فێڵێكى ڕێگه‌پێدراو و زانستى یه‌ له‌بوارى بازاڕكاریدا، ئامانجه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كاریگه‌رى بكرێته‌ سه‌ر ده‌روونى كڕیاران و به‌كاربه‌ران چونكه‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى خواستى به‌كاربه‌ر حه‌زو ئاره‌زووه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت ئامانجه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنرێت، له‌ته‌نیشت ئاره‌زوى كڕیار بۆ كاڵاكه‌وه‌ یاریكردن به‌ نرخه‌كانه‌وه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێكى دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كڕیار بڕیارى كڕینى كاڵاكه‌ بدات.  

یه‌كێكى تر له‌ مه‌به‌سته‌كانى ئه‌م سیاسه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ى نرخى شمه‌ك و كاڵاكان به‌نرخێك داده‌نرێن كه‌ كریار وا لێ بكات دوو پارچه‌ یان زیاتر بكرێت وه‌ك نرخى ته‌نها یه‌ك قوتو دۆشاوى ته‌ماته‌ ته‌نها به‌ (1.900) دینار بێت ئه‌مه‌ وا ده‌كات كریاره‌كه‌ دوو قوتو بكرێت و فرۆشیاره‌كه‌ بڕى زیاتر بفرۆشێت .

یه‌كێكى تر له‌ مه‌به‌سته‌كانى ئه‌م سیاسه‌ته‌ زیاتر بۆ چینى گه‌نجان و منداڵان و ژنانه‌، چونكه‌ ئه‌م توێژانه‌ بڕیاره‌كانیان له‌ باره‌ى كڕینه‌وه‌ زۆرجار بڕیارێكى هه‌سته‌كییه‌، واتا فاكته‌رى هه‌ست ڕۆڵى كڕین ده‌گێڕێت، لێره‌دا فاكته‌رى مێنتاڵى زۆر لاوازه‌ له‌ كڕیندا. بێگومان ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌و بازاڕانه‌دا زیاتر بڵاوه‌ كه‌ كێبڕكێى فرۆشتنى تێدایه‌ چونكه‌ بازرگان و فرۆشیاران ده‌یانه‌وێ بڕى زیاتر بفرۆشن زۆربه‌ى هه‌ست و ئاره‌زوى كڕیاران بۆ لاى خۆیان ڕابكێشن تا بتوانن ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن.

فرۆشیار و كۆمپانیاكان ده‌كرێت به‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى گه‌شتبن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه‌ چۆن بتوانن له‌ ڕێگه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كى ڕمزى نرخه‌كانه‌وه‌ قازانجێكى تر به‌ده‌ستبهێنن،  لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كى سایكۆلۆژى ده‌یانه‌وێت كڕیار بخه‌نه‌ ناو ئه‌و فێله‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌نجامی بده‌ن. پاشان ئه‌م فاكته‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانى زۆر بڵاوه‌، له‌ هه‌رێمدا هه‌مان سیاسه‌ت په‌یڕه‌وده‌كرێت، به‌ڵام كوالێتى كاڵاكان له‌ ئاستى ئه‌و نرخانه‌دانین، به‌واتایه‌كى دیكه‌ كوالێتى كاڵاكان زۆر خراپه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌كارده‌هێنن بۆ كڕیار ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكى نا جێگیره‌وه‌، گه‌ر كاڵاكان بكڕێت به‌نرخێكى گران و كوالێتیشى خراپ بێت ئه‌وا كڕیار فێڵى لێكراوه‌. گه‌ر به‌ نرخێكى كه‌متربێـت (ئه‌گه‌ر ڕمزیش بێت) كڕیار بیر له‌و نرخه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌متره‌، بۆیه‌ ئه‌و شێوازه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخ به‌ ئاڕاسته‌ى زیاترى فرۆشتندا كارده‌كات.

*ئابوریناس



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure