گۆڕان: تا نەزانین پارتى چی پۆستێکمان دەداتێ خۆمان بۆ یەکلایی ناکرێتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 25/12/2018‌ :: 277‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ حزبه‌كه‌یان تا نه‌زانێت پارتى چ پۆستێكى ده‌داتێ خۆى پێ ساغ نابێته‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت یان بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن، ده‌شڵێت: "هه‌ندێ پۆست هه‌یه‌ ئێمه‌ و یه‌كێتیش داواى ده‌كه‌ین".


ساڵح ژاژڵه‌یى، جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت: "پێموایه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان پارتى و گۆڕان و یه‌كێتى ده‌كه‌وێته‌ دواى سه‌رى ساڵى تازه‌، ئێستا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى پارتییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت یان كابینه‌ى نوێ پێكبهێنرێت هیچ په‌له‌ى نیه‌، پێشموایه‌ پێكهێنانى حكومه‌ت زۆر درێژه‌ ده‌كێشێت".

وتیشى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى باسى هیچ ورده‌كارییه‌ك نه‌كراوه‌ و وه‌ك وایه‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان نه‌كردبێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ندێ پۆست هه‌یه‌ گۆڕان و یه‌كێتیش داواى ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پارتى له‌گه‌ڵ هیچ كاممان ورده‌كارییان باس نه‌كردووه‌".

ساڵح ژاژڵه‌یى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى جڤاتى گشتى و نیشتمانى بڕیارمان له‌باره‌ى به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت یان بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌داوه‌، چونكه‌ خۆمان پێ ساغ نابێته‌وه‌ ده‌بێت بزانین پارتى چ پۆستێكمان ده‌داتێ، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تمان ده‌وێت یه‌كێتى ده‌ڵێت ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ پارتیش ده‌ڵێت دوو جێگرى بۆ داده‌نێین، به‌ڵام یه‌كێتى ئه‌گه‌ر دوو جێگر بێت نایانه‌وێت.

باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو بكرێت له‌گه‌ڵ پارتى زیاتر ده‌چینه‌ ورده‌كارییه‌وه‌، ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ له‌ (جه‌مال محه‌مه‌د، جه‌لال جه‌وهه‌ر، ئاراس وه‌لى، ئاوات شێخ جه‌ناب و ره‌ئوف عوسمان)، ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ چوونه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى داواى ئه‌و پۆستانه‌ بكه‌ن كه‌ گۆڕان ده‌یه‌وێت، پارتیش ئه‌وكاته‌ ده‌ڵێت كام پۆستانه‌تان ده‌ده‌مێ، دواى ئه‌وه‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ گۆڕان و بڕیار ده‌ده‌ین له‌باره‌ى به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌ حكومه‌تدا.

ساڵح ژاژڵه‌یى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌: تا پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نه‌چنه‌ ورده‌كارییه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش هه‌ر به‌ موعه‌له‌قى ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتى ئەساسیترن و داواى پۆستى زۆر ده‌كه‌ن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure