سەرکردەیەکی یەکێتی: ناكرێت حیزبێك كورسی زۆری هێناوە ببێتە خاوەنی هەموو دەسەڵات

هەواڵ / کوردستان :: 25/12/2018‌ :: 578‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، نە پارتی بێ یەكێتی دەتوانێت حوكمڕانی بكات و نە یەكێتیش بێ پارتی دەتوانێت، دەڵێت: "ناكرێت حیزبێك لەبەرئەوەی كورسی زۆری هێناوە ببێتە خاوەنی هەموو دەسەڵات و بڕیارەكان و یەكلایەنە بڕیاربدات، ئێمە ئەوە قبوڵ ناكەین".


جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: یەكێتی نەبووه‌تە هۆكاری دواخستنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، ئەو قسانەشی كە دەكرێن بەبێ یەكێتی حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت، نە پارتی بێ یەكێتی دەتوانێت حوكمڕانی بكات و نە یەكێتیش بێ پارتی.

ناوبراو روونیكردەوە: مەسەلەی هەڵبژاردن و سەرۆكایەتییەكان یەك پاكێجە و جیاوازنین، بێ ئاگاداری ئێمە كاندیدی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتیان دیاری کردووە، راستە پارتی زۆرترین دەنگی هەیە، بەڵام پێشتر ئێمە و پارتی رێككەوتنمان هەبووە، نە ئەوان هەڵیانوەشاندووه‌تەوە و نە ئێمەش هەڵمانوەشاندووه‌تەوە".

هەورامی جەختیكردەوە یەكێتی دەیەوێت لە حكومەتی نوێ شەریك بێت بەمانای كورسی و وەزیر نا، بەڵكو شەریك بێت لە سیاسەت و پەیوەندییەكانی دەرەوەو سەرچاوە سروشتییەكان و ئاگاداری داهات بێت، دەبێت لە بڕیاری سیاسیدا هاوبەش بن، حكومەت تەنها لە كورسی و وەزیر پێكنەهاتووە.

سەركردەكەی یەكێتی وتیشی: "حكومەت بە بڕیاری سیاسی بەڕێوەدەبرێت، ناكرێت حیزبێك لەبەرئەوەی كورسی زۆری هێناوە هەڵسوكەوت بكات و بە تەنها ببێتە خاوەنی هەموو دەسەڵاتەكان و بڕیارەكان و یەكلایەنە بڕیار بدات، ئێمە ئەوە قبوڵ ناكەین، بۆیە دەبێت لەسەر ئەوە رێككەوتنێكی سیاسی بكەین، پاشان حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت".
  
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure