شه‌وى سه‌رى ساڵ له‌ سلێمانى چى ده‌كرێت؟

هەواڵ / کوردستانی :: 24/12/2018‌ :: 687‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سامان قوبادى
قایمقامى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت ئاماده‌كارى پێویست كراوه‌ بۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵ و ئه‌گه‌ر پێویست بكات شه‌قامى سالم داده‌خه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزار-یش ده‌ڵێت: "داوامان له‌ ئوتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كردووه‌ جوانكارى و ئاماده‌كارى ته‌واو بكه‌ن، چونكه‌ گه‌شتیارێكى زۆر دێته‌ سلێمانى"، هاوكات له‌ زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق گروپ بۆ شه‌وى سه‌رى ساڵ به‌به‌شدارى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ئاهه‌نگى ناوازه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


ئاوات محه‌مه‌د قایمقامى سلێمانى به‌ داڕۆژى راگه‌یاند: هیچ بودجه‌یه‌ك بۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵ ته‌رخان ناكرێت،  ئه‌و چالاكییانه‌ى ئه‌نجامده‌درێن له‌ڕێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ پشتیوانى كراون و رێكده‌خرێن.

قایمقامى سلێمانى وتیشى: "له‌ناو شارى سلێمانى كۆمه‌ڵێك چالاكى جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌درێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كاریى ته‌واومان كردووه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌یى ته‌واودان، هه‌روه‌ها تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى، ته‌ندروستى، پۆلیسى هاتوچۆ، به‌رنامه‌ و پلانى خۆیان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێكردنى جه‌ژنى سه‌رى ساڵ".

بۆ سه‌رى ساڵ گه‌شتیارى وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كانى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق روو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانى گه‌شتوگوزارى سلێمانى بۆ هاتنى گه‌شتیاران، عه‌لى ره‌ئوف به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى: "به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شوێنه‌ گه‌شتیاریی و ئوتێله‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵ رازاندنه‌وه‌ و جوانكاریى بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كى تر".

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ساڵى رابردوو یه‌ك ملیۆن و 56 هه‌زار و 98 گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ پارێزگاى سلێمانى، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیشه‌وه‌ تا مانگى 11ـه‌ یه‌ك ملیۆن و 365 هه‌زار و 550 گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ پارێزگاكه‌ كه‌ 80%ى گه‌شتیاران دانیشتووى ناوچه‌كانى خواروو ناوه‌ڕاستى عێراقن، بۆیه‌ به‌پێى ئاماره‌كان پێشبینى ده‌كرێت هاتنى گه‌شتیار له‌مساڵدا زیاتر بێت له‌ پارساڵ. 

باسی له‌وه‌شكرد لیژنه‌ى پێشوازیان ده‌بێت له‌ بازگه‌كانى تاسلوجه‌و عه‌ربه‌ت و كه‌ڵه‌وانان بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران، نه‌خشه‌ى گه‌شتیاریان چاپكردووه‌ و دابه‌شى ده‌كه‌ن به‌سه‌ر گروپ و كۆمپانیاكان كه‌ گه‌شتیار ده‌هێننه‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى.

به‌ وته‌ى ناوبراو بڕیاربوو بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵ ته‌رخانبكرێن، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ره‌تیكرده‌وه‌: هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌ك ته‌رخانبكرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندى نه‌دراوه‌و له‌ 16ى 12وه‌ به‌هۆى كۆتایهاتى ساڵ خه‌رجییه‌كان راگیراوه‌. 

عه‌لى ره‌ئوف باسى له‌وه‌شكرد: په‌یوه‌ندیمان به‌ قه‌زاكانه‌وه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵبدرێت له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ئاماده‌كاریى پێویست بكرێت، هه‌روه‌ها چاودێرى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكرێت، چونكه‌ پێشبینى ده‌كه‌ین زیاتر له‌ ساڵى رابردوو گه‌شتیارێكى زۆر بێنه‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى.

هاوكات بۆ شه‌وى سه‌رى ساڵ زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق گروپ ئاماده‌كارى تایبه‌تى كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چه‌ند ئاهه‌نگێك به‌به‌شدارى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى ناودار.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هێرۆ حه‌سه‌ن به‌ڕێوبه‌رى ماركێتینگ له‌ هۆتێل گراندمیلنیۆم بۆ دواڕۆژ ئاشكرایده‌كات: بۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵ زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق گروپ ئاماده‌كارى جیاوازیان كردووه‌و به‌ به‌شدارى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى دیار ئاهه‌نگه‌كانمان به‌ڕێوه‌ده‌چن.

وتیشی: "شه‌وى سه‌رى ساڵ گراند میلینیۆم ئاهه‌نگی ناوازه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژان (سه‌نگه‌ر که‌مال، کاروانی نه‌ی، ئه‌حمه‌د خه‌لیل، ماجید) له‌ هۆڵی ئاهه‌نگێرانی گراند میلینیۆم سلێمانی كه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ ۳۱ی کانونی یه‌که‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

هێرۆ حه‌سه‌ن ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ شه‌وى سه‌رى ساڵدا به‌به‌شدارى دیجه‌ى رێباز و شڤان و ئه‌رمین (بریج باند) له‌ ریستۆرانتى ده‌بلینه‌ر- له‌ ئوتێل و سپا كوردستان میلنیۆم ئاهه‌نگێكى تایبه‌ت ئه‌نجامده‌درێت، به‌هه‌مانشێوه‌ دوو ئاهه‌نگى ناوازه‌ له‌ شه‌وى سه‌رى ساڵى نوێدا له‌ ئوتێل گراند میلنیۆم سلێمانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جه‌لال محه‌مه‌د له‌ ریستۆرانى ناره‌ له‌ نارنج و دیجه‌ى پاڤێل له‌ ره‌ندیڤو رێكده‌خرێت. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure