راگرتنی گەشتی توركیا بۆ سلێمانی درێژكرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 24/12/2018‌ :: 704‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

حكومەتی توركیا بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا سێ مانگی دیكە.

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: سەرەڕای هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی توركیا- سلێمانی، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەیان بۆ سێ مانگی دیكە درێژكردەوە تا رۆژی 24-3-2019.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: ئەوان تەنها لایەنی بەرپرسن لە هەر ئاگادارینامەیەك لە دەستپێكردنەوە یان راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان نێوان توركیا- سلێمانی.

دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 21-9-2017 توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی كوردستان راگرت، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەمساڵ گەشتەكانی توركیا و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیان پێكردەوە، بەرپرسانی توركیاش رایانگەیاندووە بە "تۆمەتی هاوكاریكردنی تیرۆر" گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە، بەڵام بەرپرسانی سلێمانی ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure