حیزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن

هەواڵ / کوردستان :: 24/12/2018‌ :: 774‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
حیزبە کوردستانییەکان لەكەركوك بەبێ پارتی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە و دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.


بەپێی راگەیەنراوی دوای کۆبوونەوەکەیان، حیزبەکان جەختیان لەسەر چوار خاڵ کردووەتەوە کە بریتین لە هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، چونکە پێمانوایە بەدانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە، بەشێک لەکێشەکان چارەسەر دەبن.

هەروەک تەئکیدیان کردووەتەوە لەبەردەوامیی کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان، داواشیانکرد دەستور و یاسا لەڕووی دۆخی ئەمنییەوە جێبەجێبکرێت و دەسەڵاتی مەدەنی بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.

حیزبە کوردستانییەکان لە راگەیەنراوەکەیاندا داواشیانکرد نوێنەرانی کورد لەبەغدا زیاتر چاو کراوەتر بن و بەدەنگ ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە بێن.

سەبارەت بە مانگرتنیش کە پێشتر یەکێتی هۆشداری لەبارەیەوە دابوو، رەوەند مەلا مەحمود، جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان وتی: "ئەگەر مافی میلەتەکەمان پێشێلبکرێت، هەموو بژاردەکان لەبەردەستمان کراوە دەبێت بەمانگرتن و خۆپیشاندانیشەوە، بۆیە داوا لەدەسەڵاتداران دەکەین بار و گوزەرانی هاوڵاتیان باشتر بکەن، چونکە بێ دەنگ نابین".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure