پۆلیس: هاوسه‌ره‌كه‌ى سێوان دانى به‌و تاوانه‌دا نه‌ناوه‌ كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵى

هەواڵ / کوردستان :: 24/12/2018‌ :: 149039‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ى كانونى یه‌كه‌م، سێوان قادر، ئه‌و ژنه‌ى كه‌ خۆى و سێ منداڵه‌كه‌ى له‌ روداوێكى گوماناویدا له‌ چه‌مچه‌ماڵ سوتان، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى سوتاوى سلێمانى گیانى له‌ده‌ستدا، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمان-یش ده‌ڵێت :"هاوسه‌ره‌كه‌ى تا ئێستاش نكۆڵى ده‌كات لەو تاوانەی کە دراوەتە پاڵی".


پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌باره‌ى رودا و تاوانه‌كانى پارێزگاى سلێمانى ئه‌نجامدا و له‌ وه‌ڵامى پرسیارى په‌یامنێرى دواڕۆژ-دا له‌باره‌ى دواین زانیارى له‌سه‌ر كه‌یسى سێوان قادر، ئه‌و ژنه‌ى رۆژى 16ى كانونى یه‌كه‌م، خۆى و سێ منداڵه‌كه‌ى له‌ ماڵى خۆیان له‌ چه‌مچه‌ماڵ ئاگریان تێپه‌ربوو گیانیان له‌ده‌ستدا رایگه‌یاند :"ئه‌م كه‌یسه‌ كه‌مێك كه‌یسێكى ئاڵۆزه‌، له‌ئێستادا ئێمه‌ سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى راپۆرتى به‌ڵگه‌ى تاوان، راپۆرتى تیمه‌كانى به‌ڵگه‌ى تاوان، راپۆرتى پزیشكى دادوه‌رى و راپۆرتى ئاگركوژێنه‌وه‌ین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕا راپۆرتى به‌شى پۆلیسى تاوانى چه‌مچه‌ماڵ-یش بۆ ئه‌وه‌ى بخرێته‌ به‌رده‌ستى دادوه‌ر".

له‌باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ تۆمه‌تى تێوه‌گلان له‌ كه‌یسه‌كه‌ ده‌ستگیر كراون وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"تا ئێستا ته‌نیا هاوسه‌رى سێوان قادر له‌لایه‌ن بنكه‌ى پۆلیسى تاوانى چه‌مچه‌ماڵ-ه‌وه‌ ده‌ستگركراوه‌، ئێستاش له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌. ئه‌وه‌شى كه‌ باس له‌ ده‌ستگیركردنى ژنێك ده‌كات وه‌ك تۆمه‌تبار له‌و كه‌یسه‌ ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌كمان نیه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"هاوسه‌رى سێوان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیار چه‌ند جارێك براوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ چه‌ند جاریكى تریش ده‌برێت، به‌ڵام ناكرێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت ئه‌مه‌ قۆناغى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ و تا ئێستا قۆناغى دادگايى ده‌ستى پێنه‌كردووه‌".

له‌باره‌ى دانپێدادانانه‌كانى هاوسه‌ره‌كه‌ى سێوان قادر كه‌ بە وته‌ى باوكى سێوان "ئه‌و ئاگرى له‌ ماڵه‌كه‌ به‌رداوه‌"، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د ئاشكرایكرد :"له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا تۆمه‌تبار (د) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دانى نەناوە بەو تاوانەی کە دراوەتە پاڵی و نكۆڵى ده‌كات".

سێوان قادر ته‌مه‌ن 23 ساڵ دایکی دوو کوڕ و کچێک بوو به‌ناوه‌کانی (دارین و لارین و ده‌وه‌ن)  که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو، هه‌رسێ منداڵه‌که‌ش به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ له‌ماڵیاندا له‌ ئێواره‌ی 16ی كانونى یه‌كه‌م، بوونه‌ قوربانی و گیانیان له‌ده‌ستدا. باوکی (سێوان) مێردی کچه‌که‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌و رووداوه و ده‌ڵێت :"کچه‌که‌م و هه‌رسێ منداڵه‌که‌ی سوتاندووه‌‌ ‌"، هه‌ربۆیه‌ سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر تۆماركردووه‌.

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure