ئەمریکا و روسیا و چین لە کێبڕکێی خۆپڕچەککردندان

هەواڵ / جیهان :: 24/12/2018‌ :: 240‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردوەتەوە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی جەنگی کە چەکی نوێ دروستبکەن و توێژینەوەکانیان چڕبکەنەوە بۆ داهێنانی نوێ لە بواری سەربازیدا، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە بگاتەوە بە روسیا و چین کە لە ئێستادا لە کێبڕکێدان و هەریەکەیان دەیانەوێت هێندە چەکی نوێ دروستبکەن کە بتوانن لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا هەر شوێنێکی جیهانیان دەوێت لێیبدەن.


لەیەکێک لە کۆبونەوەیەکی یانەی دەریایی سەر بە سوپای ئەمریکا لە ئۆرلیگتۆنی ویلایەتی تەکساس، دوو لە گەورە بەرپرسانی بواری چەک و سەربازی لە پێنتاگۆن، نامەیەکی رونیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی بواری سەربازی کرد کە تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەمریکا لەگەڵ روسیا لە کێبڕکێدایە بۆ پێشخستنی چەکێک کە لە خێرایی دەنگ خێراترە و ناوی (هایپەرسۆنیک)ە.

پاتریک شاناهان، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە بابەتەکە پەیوەندی بە بواری توێژینەوە و زانستەوە نییە، بەڵکو دەمانەوێت ئەو چەکە بەرهەم بهێنین.

هەروەها مایكڵ گریڤین، بریکاری وەزارەتی بەرگری بۆ کاروباری توێژینەوە و ئەندازەی سەربازی، رایگەیاند: دەبێت خانەنشینانی بەرگری ئەمریکاش دەستبکەن بە ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی ئەو چەکەی کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە و لە چەند ساڵی داهاتوودا بەرهەمی بهێنن.

وتیشی: "ئەم بابەتە بۆ توێژینەوەی زانستی نییە، بەڵکو هەوڵێکی جددییە و دەمانەوێت هەزاران دانە لەو چەکە دروستبکەین و بنکەیەکەی بەرهەمهێنانیش بۆ ئەو سیستمە بنیاد دەنێین".

سیستمە نوێیەکەی ئەمریکا دەتوانێت چەندینجار خێراتر بێت لە خێرایی دەنگ و لە چرکەیەکدا زیاتر لە میلێک ببڕێت، ئەمەش وادەکات سوپای ئەمریکا بتوانێت هەرچی ئامانجێک کە لەسەر زەوی هەیە بە کەمتر لە یەک کاتژمێر لێیبدات.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: "ئەم توانا نوێیەی وێرانکردن دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لەناوبردنی پێگەکانی هەڵدانی موشەکی ئەتۆمی وڵاتانی دوژمن و بە وردی کردنە ئامانجی سەرکردەی گروپە تیرۆرستییەکانیش".

بەرپرسان و شارەزایانی ئەمریکا دەڵێن کە وڵاتەکەیان دەیەوێت لەو کێبڕکێ جیهانییەدا پێشبکەوێت کە لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی خێراتری لە لە خێرایی دەنگ دەستیپێکردوە لە نێوان روسیا و چین و ئەمریکادا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە فلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی موشەکی هەڵگری کڵاوەی ئتۆمی پێشخستووە کە دەتوانێت لە بەرزی زۆرەوە ئامانجەکانی بپێکێت و سیستمی دژەموشەکیش کاری تێناکات.

پێشبینیش دەکرێت کە چین توانای بەرهەمهێنانی چەکی خێراتری لە خێرایی دەنگ هەبووبێت و لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو چەکەی بە نهێنی بەرهەمهێنابێت.

کۆمپانیای (جۆڤینی) کەلە بواری توێژینەوەی بازاڕەکانی چەکدا کار دەکات، رایگەیاندوەکە چین 20 هەزار بیرۆکەی داهێنانی چەکی خێراتر لە خێرایی دەنگی ئەنجامداوە و رێژەی بەرهەمهێنانیشی لە بوارەکەدا لە ساڵەکانی 2011 بۆ 2016 بەڕێژەی 24 لەسەد زیادکردوە، لەکاتێکدا روسیا و ئەمریکا داهێنانەکانیان لەو بوارەداهاتوەتە خوارەوە.

لەپێناو بەرهەمهێنانی ئەو چەکەش وەزارەتی بەرگری لە ساڵی 2018دا تەنیا 201 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکردبوو، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2019دا بڕی 278 ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە.

ئا: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure