نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ژنە سوتاوەکەی چەمچەماڵ بڕیارێکی دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 23/12/2018‌ :: 102256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار و پشتیوان و کۆچەر
له‌سه‌ر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، (سێوه‌ قادر) ئه‌و ژنه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ماڵێکدا له‌گه‌ڕه‌کی ئاسوده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سوتا، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

شوان قادر، برای سێوه‌، ئه‌مشه‌و یه‌کشه‌ممه‌ 23ی کانوونی یه‌که‌م به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: "نوسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ کردووین و ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ که‌ سێوه‌ بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ری پزیشکی".

 

سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی (سێوه‌)، وتی: "پزیشکه‌کانی سلێمانی ده‌ڵێن راسته‌ جوڵاندنی باش نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ رێگری ناکه‌ین، چونکه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هیوای چاره‌سه‌ری زۆرتره‌".

 

هاوکات شاخەوان سائیب، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر رەوانەكردنی ئەو نەخۆشە بۆ دەرەوە بەمەبەستی چارەسەركردن بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەتوانرێت ئەو كارە بكرێت بەپێی هەندێك رێنمایی و وتی:"خاڵی سەرەكی لەگواستنەوەی ئەو نەخۆشە بۆ دەرەوە جۆری فڕۆكەكەیە، چونكە ئەم نەخۆشە بۆ گواستنەوە پێویستی بە فڕۆكەی تایبەتە و دەبێت رێنماییە تەندروستییەكانیان لەلایەن ئەو فڕۆكەیەی دەیگوێزێتەوە بۆ بێت".

وتیشی:"هەر فڕۆكەیەك چەند یاسایەكی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ گواستنەوەی نەخۆش بۆ ئەوەی لە كاتی گواستنەوەی لە ئاسماندا تووشی گرفت نەبێت، ئەگەر ئەو جۆرە فڕۆكەیە دیاریكرا و رێنماییەكانمان بۆ هات، ئێمە دەتوانین هەڵسەنگاندن بكەین كە ئایا ئەو نەخۆشە دەتوانێت بەو فڕۆكەیە بڕوات یان نا".

 

 ئێوارەی ئەمڕۆ نوسینگەی راگەیاندنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت ئەو ئافرەتەی لە چەمچەماڵ لەگەڵ سێ منداڵەکەی سوتا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی تورکیا دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو ئافرەتە دەبرێتە باشترین نەخۆشخانە لە تورکیا بۆ ئەوەی باشترین چارەسەری بۆ ئەنجام بدرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو: بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئافرەتە سوتاوەکە کراوە گەر پزیشکەکان رێگە بدەن و ناوبراویش لە رووی تەندروستی جەستە سوتاوەکەی کێشەی نەبێت ئەوا لە زووترین کاتدا رەوانەی تورکیا دەکرێت.

شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی ئاگره‌وه‌ له‌ماڵێکی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ و دایکیان سوتان و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌ر سێ منداڵه‌که‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکه‌که‌ش زیاتر نزیکه‌ی 90%ی جه‌سته‌ی سوتاوه‌، باوکی ژنه‌که‌ش زاواکه‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌و رووداوه و ده‌ڵێت: "کچه‌که‌م و هه‌رسێ منداڵه‌که‌ی سوتاندووه‌‌".

پ: ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure