هه‌رێمی كوردستان: نزیكه‌ى دوو ملیۆن منداڵ ده‌كوترێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/12/2018‌ :: 307‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال، كۆچه‌ر عه‌لی
به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ى كانوونى یه‌كه‌م، هه‌ڵمه‌تی كوتان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكات و زیاتر له‌  ملیۆنێك و 975 منداڵ ده‌كوترێن. 


عیماد مه‌عروف، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ چواره‌مین هه‌ڵمه‌تی كوتان ده‌ستپێده‌كات كه‌ منداڵی ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ تا پێنج ساڵی ده‌گرێته‌وه‌و یه‌ك ملیۆن و 975 هه‌زارو 18 منداڵ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌كوترێن.

به‌پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ هه‌ولێر (606.351) شه‌ش سه‌دو شه‌ش هه‌زارو 351، له‌  سلێمانی (248.392) دووسه‌دو 48 هه‌زارو 392، له‌ دهۆك (242.775) دووسه‌دو چل و دوو هه‌زارو 775. ده‌كوترێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌زارو 628 تیمی جیاوازی گه‌ڕۆك و 372 سه‌رپه‌رشتیار له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌شدارده‌بن، به‌جۆرێك هه‌ولێر 612، سلێمانی 499، دهۆك 517، هه‌روه‌ها 933 ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندورستییه‌وه‌ بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دابینكراوه‌.

بڕی بوجه‌ی تێچووی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دابینكراوه‌. 

هاوكات د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە تا پێنج رۆژ هەڵمەتی كوتانی منداڵان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكان و بەهاوكاری رێكخراوەكانی (UNICEF  و WHO) دەستپێدەكات.

ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چوار جار هه‌ڵمه‌تی كوتان ئه‌نجامده‌درێت، به‌جۆرێك هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دوو جار له‌ وه‌رزی به‌هارو دووجاریش له‌ وه‌رزی پایزدا ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure