گفتوگۆكان له‌باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت دواده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/12/2018‌ :: 505‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
گفتوگۆكانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌مه‌به‌ستى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ دواى پشووى سه‌رى ساڵ.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: گفتوگۆ گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانى نێوان پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كه‌وێته‌ دواى پشووه‌كانى سه‌رى ساڵ، له‌و ماوه‌یه‌شدا لایه‌نه‌كان له‌ رێگه‌ى كۆبوونه‌وه‌ نارەسمییه‌كان له‌ ئاڵوگۆڕى بۆچوون و پێشنیازه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: هۆكارى دواكه‌وتنى گفتوگۆكان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كێتیى داواى له‌ پارتى كردوه‌ چه‌ند ڕۆژێكیان پێبدات به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى وه‌ره‌قه‌یه‌كى كار تاوه‌كو هه‌ردوولا گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌نجام و ورده‌كاریی كۆبوونه‌وه‌كانى پێشووی شاندى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دراوه‌ته‌ دوو لیژنه‌ى فه‌رعى، به‌مه‌به‌ستى نوسینى به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌ت و چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم.

هه‌فته‌ى ڕابردوو شاندى دانوستانكارى پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌ردانى سلێمانى كرد به‌مه‌به‌ستى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ شاندى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure