بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، گۆڕان نەیتوانی خۆی یەكلابكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 22/12/2018‌ :: 616‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خۆی بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یەكلایی بكاتەوە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی ئەو بزوتنەوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: نەیانتوانیوە لەكۆبوونەوەكەدا یەكلایی ببنەوە كە ئایا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكەن یان بەشدار نەبن، بەڵكو چاوەڕێی گفتوگۆكانی دیكەی حیزبەكەیان و پارتی دەبن بۆ ئەوەی زیاتر بەرچاوڕوون بن.

ئەو سەرچاوەیە کە بەشداربووی کۆبوونەوەکەبووە، ئاماژەی بەوەكرد، خانەی راپەڕاندن و وەفدی دانوستانكار سەرپشك نەكراون بڕیاری كۆتایی بدەن سەبارەت بە بەشداربوون یان نەبوون لە كابینەی نوێ، بەڵكو دەبێت جارێكی دیكە جڤات كۆبوونەوە بكات و بڕیاری یەكلاییكەرەوە بدات.

سەرچاوەكە رەتیكردەوە لەو كۆبوونەوەیەدا باسیان لە پۆست و پشكەكانی گۆڕان لە كابینەی نوێ كردبێت و وتی: "گفتوگۆی هیچ پۆستێك نەكراوە، چونكە هێشتا گۆڕان بڕیاری كۆتایی نەداوە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure