کورد خانەقین چۆڵ دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/12/2018‌ :: 803‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی كورد شوێنی مانەوەیان جێهێشتووه‌ و به‌ره‌و گه‌رمیان كۆچیان كردووه‌، یه‌كێك له‌و هاووڵاتییانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌به‌ر خراپبوونی بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌ و هچ متمانه‌یه‌كیشیان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان نەماوە.



هۆشیار ئیسماعیل ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 15ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ سنووری خانه‌قین به‌ ناوچه‌كانی جه‌له‌ولا، قه‌ره‌ته‌په‌، جه‌باره‌، سه‌عدییه‌ له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی مه‌نده‌لی، زیاتر له‌ 1000 هه‌زار خێزانی كورد ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌ و زۆربه‌یان ڕوویان له‌ ناوچه‌كانی گه‌رمیان و به‌شێكیشی رووی له‌ سلێمانی كردووه.


وتیشی: "هاووڵاتیانی كورد به‌هۆی خراپیی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه‌ كۆچیان كردووه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش، به‌ڵام لایه‌نه‌كان له‌ دیاله‌ ڕه‌زامه‌ند نه‌بوون و ئه‌و پرسه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ و له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی كورد كاری له‌سه‌ر بكرێت".

باسیشی له‌وه‌كرد، پێشتر كه‌ پێشمه‌رگه ‌و ئاسایش له‌ سنووری خانه‌قین جێگیربوون بارودۆخی ناوچه‌كه‌ زۆر ئارام بووه‌ و ئه‌مه‌شیان به‌ به‌رپرسانی دیاله ‌و سه‌رووی ئه‌وانیش ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ سنووره‌كه.

ئه‌حمه‌د عادل یه‌كێك له‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌ گوندێكی خانه‌قینه‌وه‌ هاتووه‌ته‌وه‌ كه‌لار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: لەبه‌ر خراپبوونی ڕه‌وشی ئه‌منی و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان و بێ متمانه‌ییان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان، ناچار بوون له‌ گوندی باپڵاوییه‌وه‌ بۆ كه‌لار كۆچ بكه‌ن.

وتیشی: "له‌ گونده‌كه‌یان كه‌ 85 خێزان بوون ته‌نها 15 خێزانیان ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانی دیكه‌ كۆچیان كردووه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه‌ یان ئاسایشیان هه‌بووه‌ له‌به‌ر پشكنینی هێزه‌ عێراقییه‌كان و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان كه‌وتبوونه‌ بارودۆخێكی ئاڵۆزه‌وه،‌ بۆیه‌ كۆچكردنیان به‌ چاره‌سه‌ر زانیوه".


ئه‌و هاووڵاتییه‌ باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر له‌ سنووره‌كه‌یان چه‌ند گوندێك به‌ ته‌واوه‌تی چۆڵبوون و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ هه‌ر له‌ دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ ناسه‌قامگیره‌ و گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ به‌رده‌وامیی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامده‌ده‌ن و هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن سنووره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.


له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دیاله‌ یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی چه‌كدارانی قاعیده ‌و نه‌قشبه‌ندی و داعشه‌وه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ ناوچه‌ خراپ و ئاڵۆزه‌كان، به‌ڵام خانه‌قین به‌هۆی بونی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشه‌وه‌ ئارامترین ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بوو.


سه‌میر محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێشتر خانه‌قین ئارامترین ناوچه‌ی سنووره‌كه‌ بوو، به‌ڵام له‌ دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا بارودۆخه‌كه‌ گۆڕا و دواتر ڕه‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ تێكچوو، هه‌ر بۆیه‌ هاووڵاتیانی سنووره‌كه‌ له‌ خانه‌قینه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن.

وتیشی: "پێشتر له‌گه‌ڵ ئاسایشی گه‌رمیان و سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه‌ ڕێككه‌وتبوون كه‌ مۆڵه‌ت به‌وانه‌ نه‌درێت فۆرمی خۆراكیان خانه‌قینە ناوچه‌كه‌ به‌ جێبهێڵن، به‌ڵام له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناتوانن ڕێگری بكه‌ن و هه‌ر خێزانێك داوای مۆڵه‌تی كردبێت ڕه‌زامه‌ندییان داوه".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌شێكی زۆر له‌و خێزانانه‌ به‌ بێ ئاگاداری ئیداره‌ی شاره‌كه‌ش له‌ خانه‌قین كۆچیان كردووه‌ و جگه‌ له‌ خراپی ڕه‌وشی ئه‌منی هاوكات خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌شێكی دیكه‌ی كێشه‌ی هاووڵاتیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆچ بكه‌ن.


محه‌مه‌د عومه‌ر دانیشتووی خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بارودۆخی خانه‌قین له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ باش نییه ‌و كه‌س نازانێت له‌ چ كاتێكدا گروپه‌ چه‌كداره‌كان كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن و هاووڵاتیان وه‌كو پێشتووتر ناتوانن به‌ ئازادانه‌ هاتوچوۆ بكه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ شه‌واندا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ خانه‌قین له‌ ڕووی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ له‌ ئاستێكی زۆر خراپه ‌و هیچ لایه‌نێكیش ئاماده‌ نییه‌ گوێبیستی داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان بێت یان جێبه‌جێی بكات و له‌ دیاله‌شه‌وه‌ خانه‌قین په‌راوێزخراوه‌.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure