ترامپ راستگۆترین سەرۆکی سیستمی سەرمایەداری کە کوردی راچەڵەکاند

هەواڵ / چاوی تۆ :: 22/12/2018‌ :: 487‌ جار بینراوە
رێبوار محەمەد ئەمین

رێبوار محەمەد ئەمین
هەموومان دەزانین سیستمی سەرمایەداریی سیستمیکی کتومت بەرژەوەندیی ئابوریخوازە و مرۆڤ تێیدا وەکو رۆبۆت وایە، هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤبوون نییە كەچی بە درێژایی مێژوو بۆ شاردنەوەی ئەم راستیە، هاتوون دیوێکی تریان بۆ زیادکردووە و بەرگریی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن بەڵام لەڕاستیدا گورگن لە پێستی مەڕدان و هەموو مرۆڤایەتی دەکەنە وزە بۆ بەگەڕخستنی ماشێنی بەرژەوەندیی ئابوریان.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبەرئەوەی کەسێکی سەرمایەدار و بازرگانی گەورەیە و لەگەڵ ژمارەدا هەڵسوکەوتی کردووە و ژمارەیش درۆ و دووڕووی و فرت و فێڵ نازانی، بۆیە ئەگەر درۆ بکات هاوکێشەکان تێکدەچن.

 بۆچی ئەم سەرۆکە راستگۆیە؟ لەبەرئەوەی پێشووتر وەکو سیاسی کاری نەکردووە و درۆنازانێت و ناتوانێت فرتوفێڵ و درۆبکات. لەڕوو مجامەلە و لەژێریشەوە وەک دووپشک پێتەوە بدات.

وتەیەک هەیە دەڵێت هەرکاتێک باوەڕت بە بەڵێنی سیاسییەک کرد ئەوە بڕیاری خۆفریودانتداوە. لەم بڕیارەی ترامپ لەسەر کشانەوەی لە رۆژئاوا و دەرهاویشتەکانی، بەڕاستی جیهانی بە گشتی و کوردی بەتایبەتی تووشی شۆک کرد و شپرزەی کردین، لەبەرئەوەی هێشتا فێرنەبووین چۆن سیاسەت لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا بکەین و بە سۆز و عاتیفە سیاسەت دەکەین.

 بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومە و ئەوەندەی تێگەشتبم و شیکردنەوەم کردبێت، ترامپ دەڵێت ئێمە لەجیاتی کەس بەخۆڕایی نەشەڕ دەکەین و نەکەس دەپارێزین، چونکە زەرەر دەکەین و هیچمان دەستناکەوێت. راست دەکات ئەو رێک بەپێی فەلسەفەکەی خۆی و لەسەر بنەمای قازانج و زەرەر کاردەکات. دەبێت لەبەرامبەر هەر هەنگاوێکدا دەستکەوتێکی مادیی هەبیت، ئەگینا خۆی بە دۆڕاو دەزانێت. فەلسەفەی ئابوریش وایە ئەمە حەقیقەتی سیستمی سەرمایەدارییە و شتێک نییە ناوی وەفا و رەوشت و مافی مرۆڤ و دۆستی تاسەربێت بەڵکو بەرژەوەندیی تاسەرهەیە.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی سەلماند بۆ هەموو جیهان و بەتایبەت کورد کە بوون و ئامادەییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها و تەنها وەکو کۆمپانیایەکی ئەمنی ئامادەن کاربکەن و بە ئیعترافی ترامپ کێ سەفقەی گەورەتر و دۆلاری زیاتربدات و بەردەوامبێت، ئەوە دۆستی راستەقینەی ئەمریکایە و تاسەر دەیپارێزن.

پێویستە کوردیش لەمەودوا فێری سیاسەت بێت و دووربکەوێتەوە لە عاتیفە و دڵداری و عاشقبوونی تاکلایەنە و دۆڕاو. دەبێت کوردیش فێری سیاسەت ببێت بەپێی تێۆری قازانج و زەرەر و بۆ هەموو هەنگاوێک قازانج لەبەرچاوبگرێت.

کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی گەورەترین سەرمایەیە کە نەوت و گاز و مادەکانی ترە و دەتوانێت گەورەترین سەفقاتی پێبکات و ئەو کۆمپانیا ئەمنیەی ناوی ئەمریکایە بکاتە پاسەوانی پارێزەری خەڵک و خاکی کوردستان و لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانی بە کەمترین نرخ نەوت و گازیان پێ بفرۆشێت یان بیانکات بە شەریک لەم نیشتمانە بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکانمان.

هەموومان دەزانین کە تورکیا لەڕووی وزە و یەدەگی نەوت و گازەوە لە چ دۆخێکدایە و داهاتی سەرەکی وڵاتەکەی گەشتیارییە. 

لەکۆتایدا دەڵێم ئەگەر بەم فەلسەفەیە سیاسەت بکەین دەبینە یەکێک لە گەورە هێزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە گەلی کورد لە باشور و رۆژئاوا هەرچی زووە بەم شێوە لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەون چونکە کات و شوێن رۆڵی دەبێت لەم جۆرە سەفەقاتانەدا، ئەگەر لەدەست بچن و خەڵکی تر هەلەکە بقۆزێتەوە ئەوا ریسەکە دەبێتەوە بە خوری. 





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure