سود و زیانه‌كانیان چین؟
پزیشكان له‌سه‌ر به‌كارهێنانى فیله‌رو بۆتۆكۆس‌و پلازما ده‌دوێن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/12/2018‌ :: 4175‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
بەکارهێنانی پلازما و فیلەر و بۆتۆکس ئەو دیاردە باوانەن کە ئێستا به‌تایبه‌ت لە نێو خانماندا بایەخی پێدەدرێت، بەڵام تائێستا زۆرێک لە سود و زیانەکانی ئەو ماددانە بێئاگان.

ئەو سێ ماددەیە بۆ کۆمەڵێک هۆکار و ئامانجى جوانكارى و ته‌ندروستى بەکاردێت، بەڵام لە پاڵ سوده‌كانیدا هه‌ندێك لایه‌نى نه‌رێنیشى هه‌ن، كه‌ ناكرێت پشتگوێبخرێن.

پلازما چیە و چۆن و بۆچی بەکاردێت؟
پزیشکێکی، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری و لیزەر، لەبارەی پلازماوە دەڵێت: "پلازما پێکهاتەیەکە پێکدێت لە خڕۆکەی سپی، خڕۆکەی سور، پلازما، خەپلەکانی خوێن و بۆ هاندانی گەشەی شانە و خانەکانی پێست بەکاردێت لەڕێی سرنجی ئینسۆلین و ئامێری دێرما پێن (Dermapen) ئەدرێتەوە لە پێست ئەمەش هانی گەشەی کۆلاجین و نوێبونەوەی خانەکانی پێستی روخسار دەدات".

د. ئەیوب عبدول حمە، وردەکارییەکەی بۆ دواڕۆژ رووندەکاتەوە و دەشڵێت: "پلازما بۆ جوانکاری پێستی روخسار، ئاسەواری زیپکە و سوتاوی، پەڵە و کونیلەکانی سەر پێست و هەڵوەرینی قژ بەکاردێت، لەبەر ئەوەی پلازما بەکارهێنانەوەی خوێنی سروشتی کەسەکەیە و بێ زیان ومەترسیە، لەڕێی چارەسەری پلازماوە دەتوانرێ تا ئاستێک رەنگی پێست یەک بخرێتەوە".

ئەنجامی كۆتایی لە دوای چوار بۆ پێنج مانگ دەردەکەوێت و بە تێپەڕینی کات زیاتر دەبێت. بۆ دەستکەوتنی ئەنجامێکی باش پێویستە سێ جه‌لسه‌ ئەم چارەسەرە دووبارەبکرێتەوە، ماوەی نێوان جەلسەکان سێ بۆ شەش هەفتە بێت، دکتۆر ئەیوب عبدول، وای بۆ دواڕۆژ رونکردەوە.

فیلەر چیە و چۆن و بۆچی بەکاردێت؟
دکتۆر ئەیاد کاکەیی، پسپۆڕی پێست وجوانکاری، لەبارەی فیلەرەوە دەڵێت: "فیلەر بریتییە لە چەند جۆرێک ماددە بە شێوەی جێڵ، باوترینیان کە لەلایەن پزیشکانی جوانکاری پێست بەکاردێت (Hyaluronic acid) لە بنەڕەتدا یەکێکە لە پێکھاتە شانەییەکانی پێست، وەک چارەسەری کەمبوونەوەی ماددەی کۆلاجین و چەوری سروشتی پێست فیلەر قەرەبووی دەکاتەوە، یاخود بۆ مەبەستی جوانکاری بەشێوەی دەرزی لێدان بەکاردێت".

ئێستا فیلەر زۆرترین خواستی لەلایەن خانمانەوە لەسەرە بەمەبەستی جوانکاری، بەڵام زیانەکانی زیاترە لە سودەکانی و ئەو کەسانەی فیلەر دەکەن پێویستە ئاگاداری رینمایەکان بن ئەگەرنا توشی کێشەی تەندروستی دەبن، لەوبارەیەوە، دکتۆر ئەیاد کاکەیی بەدواڕۆژی وت: "فیلەر بۆ جوانکاری روخسار و کەمکردنەوەی چرچ و لۆچی، بۆڵدکردن وئەستوورکردنی لێو، بەرز کردنەوەی ڕومەت ...هتد بەکاردێت، لەگەڵ تەمەن ودابەزینی کێش رێژەکەی کەمدەبێتەوە، ماوەی مانەوەی لە نێوان شەش بۆ 18 مانگ بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت".

وتیشی: "باشترە فیلەر لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری پێست وجوانکاری ئەنجامبدرێت نەک سەنتەر و ئاریشتگا و نۆرینگەی بێ مۆڵەت، پێویستە پزیشکەکە زانیاری بدات بە نەخۆشەکە لەسەر جۆری فیلەرەکە، چونکە زیانی هەیە لە چەندین حاڵەتدا".

لەبارەی زیانەکانی فیلەریشەوە، ئەوە دەخاتەروو: ئاوساندنی پێست ونەزیفی ژێر پێست لە شوێنی دەرزی لێدانەکە، سور بوونەوە و هەوکردنی پێست، حەساسیەتی پێست، بۆی هەیە بەر دەمار بکەوێت و دەبێتە هۆی ئیفلیجی ماسوولکەکان بەتایبەتی لێو و برۆ، دروست بونی لووی ژێر پێست، زیانگەیاندن بەچاو ئەگەر نزیک چاو ببێتەوە، ئەنجامەکەی یەکسەر دوای دەرزی لێدانەکە دەردەکەوێت، بەڵام ئەنجامی کۆتایی دوای 10 بۆ 14 ڕۆژ دەردەکەوێت.

بۆتۆکس چیە و چۆن و بۆچی بەکاردێت؟
بۆتۆکس: بریتییە لە مادەیەکی لینجی رون کە پاش پوختەکردن لە ژەهری بۆتولینیەم کە بەکتریای "کڵۆستریدیەم بۆتولینیەم" دروستى دەکات،  لەرێگای دەرزی وەک چارەسەر و بواری جوانکاری بەکاردێت، بۆ لابردنی چرچ و لۆچی پێستی دەمووچاو، نزیکەی ســێ بۆ حەوت ڕۆژی دەوێت تا کاریگەریەکانی دەربکەوێت لەسەر دەموچاو، دکتۆر لینا ئاریۆس، پزیشکی پسپۆڕ لە بواری جوانکاری و لیزەر وای بۆ دواڕۆژ پێناسەکرد.

بۆتۆکسیش بەهەمان شێوەی فیلەر بەبێ زیان نییە و دکتۆر لینا سەرجەم زیانەکان بۆ دواڕۆژ، دەخاتەروو و دەڵیت: "بۆتۆکس هۆکارە بۆ شینبوونەوەی پێست بۆماوەیەکی کاتی، سەرئێشە لە دوو ڕۆژی یەکەمدا،  نیشتنی پێڵووی چاو، گڕبونی دەنگ و بوونی کێشە لە قوتدانی خواردن و دەربڕینی وشە و بوونی کێشە لە کۆنتڕۆڵی میزکردن، ئەم زیانانە کاتێک ڕوودەدات کە بۆتۆکسەکە بڵاوببێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش".

بەهۆی زۆری خواست لەسەر فیلەر و بۆتۆکس و پلازما لەلایەن خانمانی کورد، نۆرینگە و کلینیکە پزیشیکییە مۆڵەت پێدراوەکان کەوتوونەتە کێبڕکێ بۆ نرخەکان و خاوەن سەنتەرێکی جوانکاری کە مۆڵەتی فەرمی هەیە لەشاری هەولێر بەناوی (ه،ج) نرخەکانی دیاریکردووە، دکتۆر شیراز کە خاوەنی سەنتەرەکەیە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "نرخەکان جیاوازن، بۆ نمونە نرخەکانی بۆتۆکس لە 115 هەزار، فیلەر 145 هەزار، پلازمای خوێن 70 هەزار، لیزەرێکی جوانکاری دەموچاو 55 هەزار دەستپێدەکات تا دووهێندە و سێ هێندە دەڕوات و جگە لە خەرجی تر".

جیاوازی نێوان فیلەر و بۆتۆكس و پلازما چیە؟
دکتۆر لینا ئاریۆس، پزیشکی پسپۆڕ لە بواری جوانکاری و لیزەر و بۆردی دکتۆرا لە وڵاتی ئەڵمانیا، دەڵێت: "بۆتۆكس و فیلەر دوو ماددەی لینج و رونن، به‌کاردێن بۆ لابردنی چرچ و لۆچی پێست و بەرزکردنەوە و گەورەکردنی لێو و رومەت و برۆ و ڕێککردنه‌وه‌ی چرچ و لۆچی و جێبرینی چاڵ و ماسوولکه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی کاتی کاریگەری ئەو دوو ماددەیە راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی، مرۆڤ هەست بە گۆڕانكاری دەكات، یان چەند ڕۆژێك دواتر و زیاتر بۆ خانمان دەبێت، بەڵام پلازما پێکهاتەیەکە کە لەخوێنی سروشتیدایە و بۆنەرمکردن و  جوانکردنی پێست بەکاردێت و پێویستی بە كات هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی دەربكەوێت و پێویستە لە ماوەی یەك ساڵدا دوو جار پلازما بۆ پێست بكرێت، بەیەکسانی بۆ پیاوان و خانمان بەكاردەهێنرێت".

ئەو رێنمایانە چین کە دەبێت، به‌كارهێنه‌ران لەکاتی بۆتۆکس و فیلەرکردن جێبەجێی بکەن؟ 
دکتۆر لینا ئاریۆس ئەوەی خستەڕوو: ڕێنمایی زۆر هەیە کاریگه‌ری بۆتۆکس بۆ سێ بۆ شەش مانگه‌، به‌ڵام له‌دوای چه‌ند جار دووباره‌کردنه‌وه‌ کاریگه‌ریه‌که‌ی بۆ هەشت بۆ 12 مانگ ده‌مێنێته‌وه‌، فیله‌ر شەش بۆ 24 مانگ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆیە دەبێت رەچاوی ئەو رێنماییانە بکرێت بۆ 24 کاژمێر، (مەساج نەکردنی شوێنەکە، فشار نەخستنەسەری، وەرزش نەکردن، تەخت پاڵنکەوتن، سەفەرنەکردن بە فڕۆکە، ساونانەکردن، بەکارنەهێنانی حەپی ئەسپرین... هتد.

ئەو پزیشکە هۆشداریش دەدات: دەبێت فیله‌ر و بۆتۆکس له‌لایه‌ن پزیشکی شاره‌زاوه‌ لێبدرێت، چونکه‌ هه‌ڵه‌کردن له‌لێدانی زۆر مه‌ترسداره، ‌بەهیچ جۆرێک نابێت "ئافرەتی دووگیان، دایکی شیردەر" بەکاری بهێنێت، چونکە راستەوخۆ مناڵەکە ژەهراوی دەکات".

لەبارەی ئەو دەرمانانەوە، دکتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو دەرمانانە جیهانین و ئێمە چاودێری سەرجەم پزیشک و دەرمانخانە و نۆرینگەکان و سەنتەرەکان و دەرمانەکان دەکەین، هەر کەسێک پابەند نەبێت بە رێنمایەکان سزا دەدرێت، بەڵام ئێمە قسە لەسەر کارەکانیان ناکەین بەڵکو لای ئێمە رێنمایەکان و کوالێتی دەرمان و مۆڵەتی پزیشکان گرنگە.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure