بۆ جاری دووەم فڕۆکەخانەیەکی بریتانیا گەشتەکانی راگرت

هەواڵ / جیهان :: 22/12/2018‌ :: 275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دوێنێ 21ی کانونی یەکەمی 2018 دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەی گاتۆیک لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا رایانگەیاند کە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەیان بۆ جاری دووەم راگرتەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە: کە هۆکاری راگرتنی گەشتەکان بۆ جاری دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گومانی بوونی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی فڕۆکەخانەکە هەبووە و بەو هۆیەوە گەشتەکانیان راگرتوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هەمان شێوە فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ گەشتەکانی راگرت بەهۆی سوڕانەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەکەدا.

راگرتنی گەشتەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە کێشەی بۆ زیاتر لە 120 هەزار گەشتیار دروستکردوە کە لە پێش پشووەکانی سەری ساڵدان و دەیانەوێت گەشت بکەن.

هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەسەر زانینی هۆکاری فڕینی ئەو فڕۆکانە بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەکەدا، پۆلیسی لەندەنیش رەتیکردەوە کە کارەکە هێرشی تیرۆرستی بێت و تەنیا ئاماژەی بەوەدا کە کارەکە بە ئەنقەست دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کەناڵی (بی بی سی) رایگەیاند کە پۆلیس لە بەشێکی لێکۆڵینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە کە ئەمە کاری چالاکانی بواری ژینگەیە و دەیانەوێت لەم رێگەیەوە توڕەیی خۆیان دەرببڕن.

بریتانیا فڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە نزیک فڕۆکەخانەکان قەدەغە کردوە و لەکاتی کاری هاوشێوەدا ئەو لایەن یان کەسە سزا دەدرێت کە کارێکی وابکات.

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure