حكومه‌ت 30 ملیار دینار بۆ ئەم بوارە خه‌رج ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 20/12/2018‌ :: 2867‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژى وەزارەتی کشتوکاڵی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم به‌گه‌ڕده‌خرێنه‌وه‌و بڕى 30 ملیار دیناریش له‌لایه‌ن حکومەتی ھەرێم ته‌رخانكراوه‌.


به‌هۆى قه‌یرانى دارایى هه‌رێم زیاتر له‌ 50 پڕۆژه‌ى كشتوكاڵ له‌پارێزگاكانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كاركه‌وتوون، له‌وباره‌یه‌وه‌ ماجید ده‌باغ به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕى 30 ملیار دینارى بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان ته‌رخانكردووه‌.

وتیشى: "لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەمان كردووه‌و لیستى پڕۆژه‌كانمان پێداون و بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو به‌پێى پاره‌ى ته‌رخانكراو، پڕۆژه‌كه‌مان به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان داهاتێكى دیكه‌ بۆ هه‌رێم زیاد ده‌بێت.

جگه‌ له‌و پاره‌یه‌ى بۆ پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان ته‌رخانكراوه‌، چه‌ند رێكخراو و وڵاتێك پڕۆژه‌ى كشتوكاڵى له‌ هه‌رێم جێبه‌جێده‌كه‌ن، له‌وانه‌ رێكخراوى یوئێن دی پى سێ پڕۆژه‌ له‌باره‌ى به‌ بازاڕكردنى به‌رهه‌م و چنینه‌وه‌ى به‌رهه‌م بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ جێبه‌جێ دەكه‌ن، هه‌روه‌ها هۆڵه‌ندا بودجه‌ بۆ چوار پڕۆژه‌ى كشتوكاڵى له‌هه‌رێم دابینده‌كات.

پ/ سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure