بۆ چوونه‌ ناو حكومه‌ت مه‌رج بۆ گۆڕان داده‌نرێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 1168‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
چەند ئەندامێکى جڤاتی گشتی بزووتنەوەى گۆڕان كه‌ پێیان باشه‌ گۆڕان بڕواته‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند مه‌رجێكیان داناوه‌.

سابیر ئیسماعیل، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا تاوتوێی چوونه‌ نێو حكومه‌تی نوێی هه‌رێم یان ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان كراوه‌ و تێڕٍوانینه‌كانیش تێكه‌ڵ بوون له‌وه‌ی گۆڕانه‌ بڕواته‌ حكومه‌ت یان ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ رای زۆرینه‌ دیاری بكرێت.

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون گۆڕان بڕواته‌ حكومه‌ت مه‌رجیان هه‌بوو، دواتر رایه‌كان ره‌وانه‌ی جڤاتی نیشتمانی ده‌كرێن و له‌وێ بڕیاری كۆتایی ده‌درێت.
سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجه‌كانى چوونه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ سابیر ئیسماعیل وتی"ئه‌گه‌ر بڕۆینه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك و سه‌روه‌ری یاسا و گۆڕینی سیسته‌م و لادانی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كگرتنی هێزه‌كان بێت".

بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ى داهاتوو 22ى كانونی یه‌كه‌م جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ یه‌كلایبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌یان بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت یان ئۆپۆزسیۆنبوون كۆببێته‌وه‌.

 


 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure