ئه‌مشه‌و له‌ سلێمانى چى ده‌كرێت بۆ شه‌وى یه‌ڵدا؟

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 894‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ شه‌وى (چله‌ى زستان) ناوسراو به‌ یه‌ڵدا، له‌ شار و شارۆچه‌كه‌كانى كوردستان چه‌ندین چالاكى تایبه‌ت به‌م بۆنه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.


سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌كانى شه‌وى یه‌ڵدا له‌ سلێمانى، رزگار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى باڵاى ئاماده‌كار تایبه‌ت به‌م بۆنه‌یه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "به‌رنامه‌یه‌كى چڕو پڕمان داناوه‌ بۆ ئه‌مشه‌و، له‌ كاتژمێر7ى ئێواره‌وه‌ به‌ چه‌ندین چالاكى هونه‌ریى و وه‌رزشى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هۆڵه‌تى ته‌وار له‌ سلێمانى ده‌ست پێده‌كرێت و تا كاتژمێر 12 ئه‌مشه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت".

وتیشى: "به‌بێ به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت به‌شدار بێت، داوا له‌ هاوڵاتییانه‌ ده‌كه‌ین جلوبه‌رگى كوردى بپۆشن، بۆ ئه‌وه‌ى یاده‌كه‌ زیندو بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ جیهانى بگه‌یه‌نین كه‌ گرنگى زۆر به‌ جه‌ژنه‌ كوردییه‌كانى خۆمان ده‌ده‌ین، هاوكات ئه‌مشه‌و تیپى مۆسیقاى سه‌ربازى چه‌ند سرودێكى نیشتیمانى پێشكه‌ش ده‌كات، دواتر به‌ شیعر و مۆسیقا  و گۆرانى و هه‌ڵپه‌ڕكێ بۆنه‌كه‌ ده‌ڕازێنرێته‌وه‌ و  كه‌سایه‌تى (باوه‌ نه‌ورۆز) چه‌ره‌سات و شیرینى به‌سه‌ر ئاماده‌بواندا دابه‌ش ده‌كات".

ساڵانه‌ په‌رستگاى زه‌رده‌شتیانى كوردستان به‌ چه‌ندین چالاكى تایبه‌ت به‌شدارى شه‌وى یه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵ به‌شێوه‌یه‌كى جیاوازتر له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاسره‌وان قادرۆك، له‌ په‌رستگاى زه‌رده‌شتیانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "وه‌ك په‌رستگاى زه‌رده‌شتیان یادى شه‌وى یه‌ڵدا له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و كه‌ركوك و شارۆچكه‌كانى تر ده‌كه‌ینه‌وه‌، چه‌ند گروپێك به‌سه‌ر ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا دابه‌ش بووین، تێیدا ئاگر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌روه‌ها شیعر و گۆرانى پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌سه‌رهات و رووداوه‌كانى یه‌ڵدا له‌ كوردستاندا كه‌ له‌ رابردوودا روویداوه‌ باس ده‌كرێن".

قادرۆك باسى له‌وه‌شكرد: له‌ شارى كه‌ركوك له‌ قاوه‌خانه‌ى كلتورى، له‌ هه‌ولێر-یش له‌ زانكۆى كرستیان ئه‌و یاده پیرۆز ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا شه‌وى یه‌ڵدا بۆنه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى كوردییه‌ ناوبراو وتى: "كریستیانه‌كان ناویان ناوه‌ یه‌ڵدا كه‌ ناوێكى سریانییه‌ و به‌واتاى له‌ دایكبوون دێت، جه‌ژنى یه‌ڵدا كۆنترین جه‌ژنه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا، بۆیه‌كه‌مجار له‌ چیاكانى زاگرۆس كراوه‌ته‌وه‌، له‌ پێش زه‌رده‌شتدا مرۆڤه‌كانى ئه‌وكاته‌ له‌ شه‌وى یه‌ڵدا پێیان وابووه‌ خۆرئاوا ده‌بێت و دنیا كۆتایى پێدێت و خۆر نابیننه‌وه‌،  بۆیه‌ تا به‌یانى نزایان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیشكى خۆر بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ كاتژمێر 12ى شه‌ودا تیشكى خۆر جارێكى تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و دواتر كردویانه‌ به‌ ئاهه‌نگ و شایى". 

ئاماژەى بۆ ئه‌وه‌شكرد: جه‌ژنى چله‌ به‌به‌رده‌وامى له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كوردستاى باشوردا له‌سه‌رده‌مى ئیسلامدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى هه‌بووه‌ نه‌یانهێشتووه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیه‌ خه‌ڵك وتویانه‌ جه‌ژنى چله‌ ده‌كه‌ین بۆ سروشت و بوژاندنه‌وه‌ى زه‌وى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جه‌ژنێكى ره‌سه‌نى كوردى و هاوبه‌شه‌ له‌نێوان سریانى و ئیسلامییه‌كان و فارس و كورده‌كان و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ى. 

له‌مساڵدا پارێزگارى سلێمانى پشتیوانى دارایى ئه‌م بۆنه‌یه‌ ده‌كات، له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتی: "سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ شه‌وى یه‌ڵدا له‌لایه‌ن لیژنه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ كراوه‌، رێكارى ئه‌منى پێویستیش گیراوه‌ته‌به‌ر، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پشتیوانى داراییمان دابین كردووه‌ بۆ چالاكییه‌كان له‌م شه‌ودا كه‌ له‌ هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌ى ده‌چێت".

پ/ س.م 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure