ژنانى هەڵەبجە داواى چارەسەری گرفتەکانیان دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ژمارەیەك لە ژنان و خانمانی شارەكە، ڕێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بڵاو كردەوە، هاوكات چەند ڕاسپاردەیەكیش ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كران.  


لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، بڕیار محەمەد، پارێزەر لەڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان، ئاماژەی بەوەكرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی ( NED)ی ئەمریكی ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیمان ئامادە كردووە كە لە ساڵی 2011 وە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە و تا ئێستا نەتوانراوە ئەو یاسایە جێبەجێبكرێت، ئەمڕۆش ناوەڕۆكی ئەو ڕاپۆرتە بۆ ڕای گشتی و بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بڵاو دەكەینەوە

ئاماژەشی بەهۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی كرد لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە كە لەساڵی 2011 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە و بریتین لە نەبوونی دادگایەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە شاری هەڵەبجە و نەبوونی پۆلیسی ژن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، چونكە لە مادەی 3 بڕگەی شەشەم دەبێت بەشێكی تایبەت بە پۆلیسی ژن پێكبێت.

ئەوەشی خستەڕوو: نەبوونی جێگایەكی تایبەت بە داڵدەدانی ئەو ژنانەی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە توندوتیژییان بەرامبەر دەدكرێت و هاوكات نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و نەبوونی بەندیخانەی تایبەت بە ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە هۆكارێكی دیكەی جێبەجێنەكردنی یاساكەیە.

شۆخان ئەبوبەكر، سەرۆكی رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا كۆمەڵێك ڕاسپاردەی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاساكە، لەوانە، دروستكردنی دادگای تایبەتمەند بە كێشە خێزانییەكان، كردنەوەی شێڵتەری تایبەت بە كەیسە خێزانییەكان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەروەها زیادكردن و بەردەوامیدان بە هۆشیاری یاسایی لەسەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure