پێنج کەس دەستگیركران کە بەزۆر پارەیان لەهاووڵاتییەک سه‌ندوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 361‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت: هێزەکانیان پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بەزۆر پارەیان لە هاووڵاتییەک سەندوە.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "لەشەوی  18ی کانونی یەکەمی 2018 هاووڵاتییەك لە گەڕەكی سەرچنار ناچار دەكرێت بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلی ئەو پێنج تۆمەتبارە بێت، دوای ئەوەی لەو شوێنە دووردەخرێتەوە، لەشەقامی قلیاسان نزیك رێستۆرانتی داوا تۆمەتبارەكان كەلوپەلی هاووڵاتییەكە لەگەڵ بڕی سێ‌ هەزار و حەوت سەد دۆلار بەزۆر لێیان سەندوە و لێشیانداوە".

وتیشی: "دوای ئاگاداركردنی پۆلیسی سەرچنار و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دوای لێكۆڵینەوەی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی كامێراكانی چاودێری شوێنی رووداوەكە، توانرا كاتژمێر 1:00ی شەوی رابردوو لەلایەن بنكەی ناوبراوەوە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربكرێن و دەستبەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیرا كە كارەكەیان پێ‌ ئەنجامدابوو".

سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا: بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی سەرجەم تۆمەتباران راگیراون كە یەكێكیان ئافرەتە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان دەستیانپێكردوە، دەستیشگیراوە بەسەر بڕی دوو هەزار دۆلار لەگەڵ قەمە و چەند چەقۆیەكدا".

رونیشیکردەوە: جگە لە ئافرەتەكە هەر چوار تۆمەتبارەكەی دیکە خەڵكی دەرەوەی شاری سلێمانین".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure