ته‌ڤده‌م: هه‌سه‌ده‌ نه‌یوتووه‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌سوریا خیانه‌ت بوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
وته‌بێژى ته‌ڤده‌م راگه‌یاند: هێزه‌كانى سوریای دیموكرات، ده‌رباره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا هه‌ڵوێستى رەسمى خۆیان رانه‌گه‌یاندووه‌، هه‌ر وته‌یه‌ك به‌ناوی ئه‌و هێزه‌وه‌ بڵاوكرابێته‌وه‌ راست نییه‌.


دوێنێ 19ی کانونی یەکەمی 2018 دواى بڕیارى كۆشكى سپى له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى سوپاى ئه‌مریكا له‌ سوریا، روانگه‌ى سورى بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ فه‌رمانده‌كانى هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێن: "كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا خیانه‌ت بووه‌ و له‌ ته‌نیشته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان لیدراوه‌"، زۆرێك له‌ میدیاى عه‌ره‌بى و كوردى ئه‌و هه‌واڵه‌ى روانگه‌ى سورى بڵاوكرده‌وه‌.

شڤان خابۆرى، وته‌بێژى رەسمى ته‌ڤده‌م، بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌و هه‌واڵه‌ى روانگه‌ى سورى راست نییه‌، چونكه‌ هه‌سه‌ده‌ به‌ رەسمى هیچ شتێكی له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا رانه‌گه‌یاندووه‌، پێشتریش هه‌سه‌ده‌ ده‌یزانى دواى نه‌مانى داعش ئه‌مریكا هێزه‌كه‌ی له‌و وڵاته‌ ده‌كشێنێته‌وه‌".

خابوورى وتیشى: "له‌ نزیكترین كاتدا هه‌سه‌ده‌ هه‌ڵوێستى خۆى به‌ رەسمى له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ى سوپاى ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نێت".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌وان ئاگادارن كه‌ هه‌سه‌ده‌ پلانى خۆى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش له‌ ناوچه‌كانى دێره‌زۆر و پاراستنى ناوچه‌كانى دیكه‌ى سوریا و رۆژئاواى كوردستان له‌ تیرۆر ناگۆرێت كه‌ تائێستا هاوپه‌یمانى دژى داعش بڕیارى كشانه‌وه‌یان له‌ سوریا رانه‌گه‌یاندوه‌ و به‌رده‌وام هاوكارى هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ن.

دوێنێ دوناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكای له‌ سوریا راگه‌یاند.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure