زانیاری نوێ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌کەى پارتى و گۆڕان ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 3222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى شاندی دانوستانكاری پارتى و گۆڕان، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆکبوون به‌ر له‌وه‌ى بچنه‌ نێو ورده‌كارى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، پێویسته‌ هه‌ردوولا ڕێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته‌ واژۆ بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستى ده‌ركردنى چه‌ند یاسایه‌ك له‌باره‌ى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و گۆڕینى سیستمى سیاسى و  ئه‌نجامدانى چاكسازى.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى دوێنێ 20ى كانونى یه‌كه‌مى، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و  پارتى دیموكراتی كوردستان له‌ شارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كرد: هه‌ردوو شاندى دانوستانكار له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و سیستمى سیاسى و چاكسازى له‌به‌شێكى سێكته‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى مه‌بده‌ئى رێككه‌وتوون، وابڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتوودا به‌ رەسمى بیكه‌نه‌ ڕێككه‌وتن.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌: هه‌ردوولا هاوڕابوون به‌رله‌وه‌ى ده‌ستبكه‌ن به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت، پێویسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بگرنه‌به‌ر له‌وانه‌:

1. بڕیاردان له‌سه‌ر چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان.

2. چاكسازى له‌ بوارى ئابوورى، دارایى. نه‌وت و سیستمى بانكى هه‌رێمى كوردستان.

3. دروستكردنى ده‌سته‌ و یاسایه‌كى تایبه‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان کە تایبه‌ت بێت به‌ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا.

4. كاركردن بۆ نه‌هێشتنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌.

5. پێداچوونه‌وه‌ و گۆڕانكارى له‌سیستمى سیاسى هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕێككه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌كان و ده‌ستوورى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان.

6. نوسینه‌وه‌ى كارنامه‌ى حكومه‌ت به‌شێوه‌ى هاوبه‌ش له‌نێو لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى حكومه‌ت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نه‌چوونه‌ته‌ ناو ورده‌كارى پێكهێنانى حكومه‌ت و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و هه‌رێم، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامى قسه‌كانى پارتى و له‌ په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى پارتى ئاماده‌ییان نیشانداوه‌، یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و چه‌ند وه‌زاره‌تێكى خزمه‌تگوزارى و سیادى بده‌ن به‌ گۆڕان.

وتیشى: "به‌پێى ئه‌نجامى دانیشتنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتووى نێوان پارتى و گۆڕان، ده‌سپێردرێت به‌ لیژنه‌ى فه‌رعى و دواتر كۆبوونه‌وه‌ یه‌كلاكەره‌وه‌كان ئه‌نجامدەدرێن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure