رێككاره‌كانى هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى كه‌ركوك دواى سوێندخواردنى راكان جبورى ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/12/2018‌ :: 543‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
لیژنه‌ی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌و رێوشوێنانه‌ ده‌خاته‌ڕوو ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ دانانی كه‌سێك له‌پۆستی پارێزگاردا له‌ئه‌گه‌ری سوێندخواردنی راكان جبوری وه‌كو په‌رله‌مانتار، به‌و پێیه‌ی ده‌قه‌ قانونییه‌كان هیچ رێگایه‌ك ناده‌ن بۆشایی له‌ئیداره‌دانی پارێزگادا دروستبێت.


ئاوات محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌دواڕۆژی وت: "هه‌ركاتێك راكان جبوری له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سوێندی یاسایی بخوات، ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌پۆستی پارێزگار (ئینفكاك) بكات واتە پەیوەندی بترازێنێت و له‌و كاته‌شدا شوێنه‌كه‌ی چۆڵده‌بێت، چونكه‌ جێگریش بوونی نییه"‌.

روونشیكرده‌وه‌، له‌حاڵه‌تی دروستبوونی بۆشایی له‌پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكدا، به‌پێی یاسا پێویسته‌ له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌سێك بۆ ئه‌و شوێنه‌ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ریش نه‌یتوانی ئه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌سێك راده‌سپێرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی پارێزگار به‌ (ته‌كلیف) به‌مه‌رجێك پله‌ وه‌زیفییەكه‌ی له‌حكومه‌تی عێراقدا له‌ بریكاری وه‌زیر كه‌متر نه‌بێت.

وتیشی: "ته‌نها له‌كاتێكدا قایمقام ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه‌ ببینێت كه‌ پۆسته‌كه‌ چۆڵنه‌بێت (خلو) نه‌بێت، واتا پارێزگار (غایب) بێت، له‌و كاته‌یشدا ته‌نها كاروباری ئیداری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی ئیمزا و راییكردنی كاروباره‌كانی نییه‌، ئه‌وه‌یش به‌پێی سیستمی كارگێڕی".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ (قایمقام) ده‌ره‌جه‌ وه‌زیفییەكه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌حاڵه‌ته‌كه‌ی كه‌ركوكدا بۆی نییه‌ ببێته‌ پارێزگار، چونكه‌ له‌ئه‌گه‌ری سوێندخواردنی پارێزگار ئه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ (خلو) ده‌بێت.

راكان جبوری جێگری پارێزگاری كه‌ركوك له‌دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقه‌وه‌ راسپێردرا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار به‌وه‌كاله‌ت، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری ئه‌مساڵیش ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ڵام هێشتا سوێندی یاسایی نه‌خواردووە‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure