نوێترین زانیاری له‌باره‌ى كاره‌كانی دامه‌زراوه‌ی ده‌رمان

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2018‌ :: 231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
زیاتر له‌ دوو مانگه‌ بڕیاری دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان له‌ هه‌ریمی كوردستان دراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هیچ رێنماییه‌كی بۆ كاره‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ ده‌رنه‌كردووه‌. 


پڕۆژه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌رمان له‌ هه‌ریمی كوردستان له‌لایه‌ن ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌و كاره‌كانی بریتی ده‌بێت له‌ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمانی كوالێتی نزم و یه‌ك جۆری نرخی ده‌رمان له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان. 

له‌ به‌شێكی تری پڕۆژه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ نابێت ده‌رمانی كۆپی كراو له‌ ده‌رمانخانه‌كان بفرۆشرێت و ته‌نها له‌ ریگه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌شه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌رمانه‌وه‌ بكرێت. 
  
خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕیاری دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی ده‌رمان له‌قۆناغی یه‌كه‌م له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی بڕیاری دووه‌م و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تائێستا وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نه‌دراوه‌ته‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كانی بكات. 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتیشی: "به‌هۆی نه‌بوونی رێنماییه‌وه‌ كه‌ رێگربوونه‌ له‌به‌رده‌م باشتركردنی دۆخی ده‌رمان و كۆنتڕۆڵكردنی تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێوست كۆنتڕۆڵی ده‌رمان بكرێت، بۆیه‌ تا ئه‌و رینماییانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت ناتوانرێت كاره‌كانی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان ده‌ستپێبكه‌ن. 

پێشوتر له‌ساڵی‌ 2014دا پڕۆژه‌یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پزیشكی‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كرا، دواتر ڕه‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كرا، به‌ڵام نه‌بووه‌ یاساو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش دروستنه‌كرا.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانى مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure