بۆچوونى کۆمەڵ لەبارەى بەشداریکردنى گۆڕان لە حکومەت

هەواڵ / کوردستان :: 19/12/2018‌ :: 549‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات و ئەوانیش ئۆپۆزسیۆن بن، هەر دەتوانن راوێژ لەنێوانیاندا هەبێت و مانای ئەوە نییە گۆڕان پشتیان لێدەكات.

فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەر لایەنێك كە دەیەوێت كاری سیاسی بكات مەبەستی خزمەتكردنی خەڵكە، ئەو لایەنەش خۆی باشتر دەزانێت كە ئایا لەناو كابینەكە یان لەدەرەوەی كابینەكە خزمەتی زیاتری پێدەكرێت.

ناوبراو روونیشیكردەوە: بەبڕوای من گۆڕان خۆی دەزانێت چی باشە بۆ ئەوان، ئایا لەناو حكومەت دەتوانن خزمەت بكەن یان ئەم حكومەتەش میراتگری حكومەتەكانی پێشووە و بەهەمانشێواز هەڵگری كۆمەڵێك گرفت دەبێت و ئەو لایەنانەشی تێیدا بەشدار دەبن جگە لەوەی رووبەڕووی رەخنە دەبنەوە، ناتوانن هیچ جۆرە خزمەتێك بكەن، بێگومان گۆڕانیش خەڵكی سیاسی بەئاگان ئەوەندە وردبینی دەكەن كە ئایا بەشداریكردنیان لە حكومەت قازانجە یان بەشدارنەبوونیان".

پێشتر گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لەچەند قۆناغێكدا هەماهەنگی یەكدی بوون بەتایبەتیش بوونیان بەئۆپۆزسیۆن و وەستانەوە بەرامبەر ئەوەی ریفراندۆم نەكرێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر گۆڕان بەشداری حكومەتی نوێ بكات و ئەوان بەشدار نەبن، هەماهەنگییان دەمێنێت؟، فاروق عەلی وتی "ئێمە خاڵی هاوبەشمان زۆرە و خاڵی جیاوازمان كەمە، لەهەر حاڵەتێكدا ئەگەر هەر لایەكمان بەشدار بین و ئەوەی دیكە بەشدار نەبێت، پێموانییە لەگەڵ هێزە نیشتمانپەروەرەكاندا هیچ گرفتێكمان هەبێت، هەر لایەنێك رەخنە دەگرێت رەخنە لەشێوازی ئیدارەدان دەگرێت، بۆیە لەگەڵ گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمی لەنێوانماندا نییە، بەڵام وا دەزانم دەتوانین رێز لە هەڵوێستی یەكدی بگرین و راوێژ لەنێوانماندا هەبێت".


دەربارەی ئەوەش كە ئەگەر گۆڕان بەشداری حكومەتی نوێ بكات و ئەوان بەشدار نەبن، مانای وا نییە پشتیان لە ئەوان كردووە، سەركردەكەی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەكرد، "نەخێر ئەگەر گۆڕان بەشداری لە حكومەتیشدا بكات بەپشت تێكردنمان لێی ناڕوانین، بە ئەندازەی ئەوەی وا دەزانین كە ئەوان بەرژەوەندییەكانیان لەوەدا دەبینێتەوە لە حكومەتدا بێت، ئێمەش بەرژەوەندیمان لە شتێكی دیكە".


هەروەها وتیشی: "لایەنی سیاسی لەكوردستان زۆرن و مانای وا نییە ئەوانەی بەشدار دەبن لە حكومەت یان بەشدار نابن پشتیان لەلایەنەكانی دیكە كردووە، رەنگە لەقۆناغەكانی دیكەوە پێكهاتەی حكومەت گۆڕانكاری دیكەی بەسەردا بێت".


پ: ئەڤین






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure