دواڕۆژ زانیاری نوێ له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ی پارتى و یه‌كێتی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 19/12/2018‌ :: 7209‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى ناكۆكییه‌كانیان له‌سه‌ر پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پێنه‌دانى وه‌زیرى داد له‌ به‌غدا به‌ یه‌كێتیى، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێدا هه‌ردوو شاندى پارتى و یه‌كێتیى نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "داوامان له‌ پارتى كردووه‌ به‌رله‌وه‌ى بچنه‌ نێو ورده‌كارى پێكهێنانى حكومه‌ت ڕێككه‌وتنێكى سیاسى بكه‌ین".

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ 18ى كانونى یه‌كه‌مى هه‌ردوو شاندى دانوستانكارى پارتى و یه‌كێتی له‌ شارى سلێمانى، پارتى  ڕازیبووه‌ به‌وه‌ى زۆربه‌ى پۆسته‌ سیادییه‌كانى وه‌كو جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بدات به‌ یه‌كێتیى، به‌ڵام یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابووه‌ به‌ر له‌وه‌ى بچنه‌ نێو ورده‌كارى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، هه‌ردوولا ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر دارشتنى سیاسه‌تێكى گشتیى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى دراوسێ و كه‌ركوك واژۆ بكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ یه‌كێتیى سوور بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێویسته‌ پارتى هاوكاربێت له‌ دانانى پارێزگارێكى نوێ بۆ پارێزگاى كه‌ركوك و له‌گه‌ڵ دانانى كاندیدى یه‌كێتى بۆ پۆستى وه‌زیرى داد له‌ به‌غدا، به‌ڵام شانده‌كه‌ى پارتى ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دوو پاكێجى جیاوازان، پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ى تایبه‌تى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تى پاش دوو كاتژمێر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كێتیى هیچ وه‌ڵامێكى ڕه‌سمى نه‌داوه‌ته‌ پارتی، به‌ڵكو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى پاش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان، وه‌ڵامى پارتى ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌مڕۆش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست شانده‌كه‌ى پارتى سه‌ردانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ  جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتیى ده‌كه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ستبكرێت به‌ ورده‌كارییه‌كانى پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام یه‌كێتى ده‌یه‌وێت به‌رله‌وه‌ى بچنه‌ ناو ئه‌و ورده‌كارییانه‌، ڕێككه‌وتنێكى سیاسى بكرێت تاوه‌كو بزانرێت چۆن په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا باشبكرێت و دۆخى كه‌ركوك ئاسایی بكرێته‌وه‌ و پارێزگارێك دابنرێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure