كۆبونه‌وه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى بۆ خستنه‌ڕووى مه‌رجه‌كان بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/12/2018‌ :: 746‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
هه‌ریه‌ك له‌ پارتى و یه‌كێتى له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیاندا مه‌رجى خۆیان ده‌رباره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم خستوه‌ته‌ڕوو و هیچ رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام نه‌داوه‌، پارتى بۆ به‌رچاوڕونى زیاتر چاوه‌ڕوانى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ئه‌نجامى بدات. 


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى كانونى یه‌كه‌مى 2018، وه‌فدێكى پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانى كرد و له‌گه‌ڵ وه‌فدێكى ئه‌و حزبه‌ كۆبۆوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیاندا یه‌كێتى و پارتى نه‌گه‌یشتوون به‌هیچ رێككه‌وتنێك، چونكه‌ ئه‌وه‌ى به‌لاى پارتییه‌وه‌ گرنگه‌ كاراكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌ دواى ده‌ستنیشانكردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام یه‌كێتی-ش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ داواى له‌ پارتى كردووه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك كارابكرێته‌وه‌ و پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم پارێزگارێكى نوێ له‌ پشكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك دابنرێت، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى یه‌كێتى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ مافى خۆى زانیووه‌.

عه‌دنانى حه‌مه‌ى مینا، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆمان له‌گه‌ڵ پارتى داواى شه‌راكه‌تى راسته‌قینه‌مان كرد له‌ كارى حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێت و بۆ ئاینده‌ بتوانین پێكه‌وه‌ ئیداره‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ بكه‌ین".
 
وتیشى: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ باسى هیچ پۆستێكى حكومه‌ت و په‌رله‌مانمان نه‌كردووه‌، یه‌كێتى ته‌نها ئه‌وه‌ى به‌لاوه‌ گرنگه‌ شه‌راكه‌تێكى راسته‌قینه‌ى هه‌بێت له‌ حكومه‌تدا، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌جاوزى كێشه‌كانى رابردوو بكرێت و حكومه‌تێكى خزمه‌تگوزار بۆ خه‌ڵك پێكبهێنرێت، پۆستمان لا گرنگ نیه‌".

هه‌روه‌ها عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ دواڕۆژ باسى له‌وه‌كرد: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوو ته‌وه‌ر بوو، یه‌كه‌میان كارنامه‌ى چوارساڵى داهاتووى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها ته‌وه‌رى دووه‌م پاكێجى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌تایبه‌تى بۆ ده‌ستنیشانكردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و پاشان كاراكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان".

وتیشى: "ئه‌وله‌ویه‌تى پارتى ئه‌وه‌یه‌ له‌مساڵدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو كاندیدى پارتى رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى".

له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوو حزب راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: "كه‌ش‌ و هه‌وای گفتوگۆكان راشكاوانه‌، به‌رپرسیارانه‌ ‌و دۆستانه‌ بوون، تێیدا بیروبۆچوونی هه‌ردوو حزب ئاڵوگۆڕكرا، له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گفتوگۆ و هه‌رچی زیاتر هه‌ماهه‌نگی بۆ به‌هێزتركردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریی ‌و یاسایی ‌و ئیدارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌و خزمه‌تی زیاتری گه‌لی كوردستان‌ و هه‌نگاونانی جددی بۆ كاری پێكه‌وه‌یی".

ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌: "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌كان كرده‌وه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆبونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌درێ‌".

پارتى كاندیدى بۆ پۆسته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت دیاریكردووه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ پۆسته‌ سیادیه‌ باڵاكاندا سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌ كه‌ یه‌كێتى به‌ مافى خۆى ده‌زانێت، ده‌شوترێت گۆڕان-یش چاوى له‌سه‌ریه‌تى.

له‌ گفتوگۆكانى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان ده‌بێت پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ى و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.
 
دواڕۆژ زانیویه‌تى سیناریۆكانى پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ جۆرێكه‌، پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى كه‌ (بێگه‌رد تاڵه‌بانى و رێواس فایه‌ق) كاندیدن بۆ ئه‌و پۆسته‌، جگه‌له‌وه‌ش پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ گۆڕان كه‌ ده‌وترێت (عه‌لى حه‌مه‌ساڵح) كاندید ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام تائێستا نازانرێت پارتى پۆستى سكرتێرى په‌رله‌مان داواده‌كات یاخود نا.

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان به‌دڵنیایى باسى ورده‌كارى پۆسته‌كان ده‌كرێت، چونكه‌ كاتى هاتووه‌، پارتى كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت دیاریكردووه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ئێستادا وه‌ك یه‌كه‌م قۆناغ گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ بكرێت پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌، چونكه‌ تا ئه‌وه‌ یه‌كلایى نه‌بێته‌وه‌ پۆسته‌كانى تر یه‌كلایى نابنه‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "پارتى پۆست به‌لایه‌وه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت نیه‌، ئه‌وه‌ى به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ ئیراده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ به‌ ده‌ستووریكردنى هه‌رێمى كوردستان و پێناسه‌ى سیستمى سیاسى له‌ هه‌رێم، ئه‌وله‌ویه‌ت بده‌ین به‌وه‌ى ئایا سه‌رۆكى هه‌رێم شوێنى هه‌ڵبژاردنى كوێ بێت؟، ئه‌مانه‌ خاڵى ناكۆك بوون له‌ رابردوودا له‌نێوان هێزه‌كان، بۆیه‌ له‌م گرفتانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌و كاته‌ پۆسته‌كان دابه‌ش بكه‌ین".

بڕیاره‌ سبه‌ینێ-ش وه‌فدى پارتى سه‌ردانى مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بكات و له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ده‌رباره‌ى پرسى كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و كارنامه‌ى چوار ساڵى داهاتووى ئه‌و كابینه‌یه‌ كۆببنه‌وه‌.

ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ گۆڕان، كاریگه‌رى له‌سه‌ر چۆنیه‌تى پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت.

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تى پارتى جه‌ختى كرده‌وه‌ "كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان پێكده‌هێنرێت، ره‌نگه‌ حزبى دیكه‌ش به‌پێى قه‌باره‌ى خۆى به‌شداربێت له‌ كابینه‌كه‌دا و هێڵى سورمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵى ئیسلامى و هیچ حزبێكیش نیه‌".

به‌پێى چاوه‌ڕوانییه‌كان كۆتایى ئه‌م مانگه‌ كه‌ ده‌كاته‌ سێ مانگى ته‌واو دواى هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاببێته‌وه‌، به‌مه‌ش پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌وێته‌ چواره‌م مانگى دواى هه‌ڵبژاردن، گه‌ر زیاتریش نه‌خایه‌نێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure