گڵی ئێران چۆن و به‌ چ نرخێك بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی قاچاخ ده‌كرێت؟

هەواڵ / ئابوری :: 18/12/2018‌ :: 4645‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ئازوو محه‌ممه‌د
ماوه‌ی 17 ساڵه‌ گڵی ئێران به‌ قاچاخ ده‌برێته‌ وڵاتانی كه‌ندوای عه‌ره‌بی و له‌م چه‌ند ساڵه‌ دواییشدا ئه‌و دیارده‌یه‌ زیاتر له‌ ساڵانی پێشوو په‌ره‌یسه‌ندووه‌.


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نووسینگه‌ی رێكخراوه‌ی پاراستنی ژینگه‌ و ئاو و خاکى ئێران ده‌ڵێت: قاچاخی خاكی ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ساڵی 2001-ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌.

عه‌لی مۆریدی، به‌رێوه‌بەری گشتی نووسینگه‌ی رێكخراوه‌ی پاراستنی ژینگه‌ و ئاو و خاکى ئێران له‌ لێدوانێك بۆ ئاژانسی (ئیسنا)ی ئێرانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاو و خاك یه‌كێك له‌ گرنگترین و ستراتیژیترین هۆكاره‌كانی دابینكردنی ئاسایشى خۆراک ئه‌ژماردەکرێن، به‌ڵام به‌داخەوه‌ به‌ قاچاخ بردنی خاكی ئێران بۆ وڵاتانی عه‌رەبی به‌ تایبه‌ت بۆ ئیمارات و قه‌ته‌ر له‌ پارێزگاکانى باشووری ئێرانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2001 ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستاش ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌، ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ هۆی بوونی رێژه‌ی زۆری گڵی پڕبه‌رهه‌مه‌، واته‌ باشترین جۆری گڵه‌ بۆ كشتوكاڵ، له‌ ئێران و نه‌بوونی گڵی باش و به‌ به‌رهه‌م له‌ وڵاتانی كه‌نداو سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

مۆریدی ده‌شڵێت: بۆ شكڵ گرتنی یه‌ك سانتيمه‌تر گڵ 600 ساڵ كات پێویسته‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ساڵانه‌ سه‌دان هه‌زار ته‌ن له‌و گڵه‌ كه‌ به‌و زه‌حمه‌ته‌ به‌رهه‌م دێت، دور له‌ چاوی به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار و به‌بێ ده‌نگی ته‌نها به‌ ته‌نیا 35 دۆلار قاچاخ ده‌كرێت بۆ وڵاتانى دراوسێ-ى باشووریی ئێران.

ئه‌و گڵه‌ به‌زۆرى له‌ هه‌ردوو پارێزگای فارس و بوشه‌هر له‌ باشووری ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی وڵاتانی كه‌ناره‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و به‌ تایبه‌تیش ئیمارات ده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی دورگه‌ی ده‌ستكرد و قه‌ته‌ر بۆ وشكردنی ده‌ریا به‌كاريده‌هێنێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئێران ده‌شڵێت: گڵه‌كه‌ له‌ دوو رێگه‌وه‌، به‌ به‌له‌م یان له‌ رێگه‌ی ره‌سمییه‌وه‌ و به‌ ناوی هه‌نارده‌ی گوڵ و گیاوه‌ ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌رده‌وامى به‌قاچاخ بردنی خاكی ئێران له‌ كاتێكدایه‌، له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خاكی ئێران رایگه‌یاند: دوو ملیار ته‌ن له‌ خاكی ئێران له‌ ساڵدا به‌ بیابان ده‌بێت، واته‌ 8 به‌رامبه‌ر ستانداری جێهانی و زیانی ئه‌و به‌ بیایانبوونه‌ به‌رامبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ 56 ملیار دۆلار له‌ ساڵێكدا.

پێداچونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure