سەرەڕای تەواوبوونی وادەكەی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی دەركرد

هەواڵ / کوردستان :: 18/12/2018‌ :: 162‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
هەرچەندە بەپێی یاسا ماوەی كاركردنی كۆتایی پێهاتووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێك دەردەكات. 


مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆدا چەند بڕیارێكیان دەركردووە، ئەوانیش دەنگدان بوو بە كاندیدی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان، هەروەها فراوانكردنی گوندێك و پچڕاندنی گوندێكی دیكە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەش هەمواركردنەوەی بڕگەیەك بوو بەوەی داواكرابوو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن هەموو سێشەممەیەك بكرێت، بەڵام لەڕاستیدا كۆبوونەوەكان ناكرێت هەموو سێشەممەیەك بكرێن، بەڵكو بڕیار دراوە كۆبوونەوە ئاساییەكان لەڕۆژانی سێشەممە بكرێن.

ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە ماوەی 3 مانگە ماوەی یاسایی ئەنجومەنەكان كۆتایی هاتووە، رۆژی یەكشەممەی رابردووش 16-12-2018 عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاندبوو، ناتوانن هیچ بڕیارێك دەربكەن لەبەرئەوەی كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوە.

سەبارەت بەوەی ئەوان ماوەیان تەواو بووە، ئایا بڕیارەكانیان یاسایین، مەهدی مەحمود وتی: "ئێمە 3 تا 4 مانگە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان كردووە چارەنووسی ئەنجومەنەكان دیاری بكەن، بەڵام كە ئەوان قسە ناكەن".

وتیشی: "ئەگەر ئیشی ئێمە نایاسایی بێت، كەواتە نایاساییەكە لەوێوە دەستپێدەكات كە وەڵاممان نادەنەوە، ئیشەكانی ئێمەش لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانە و باوەڕ ناكەم نایاسایی بێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە