تمه‌نى ئێرانى.. گه‌ڕانه‌وه‌ى متمانه‌ و هه‌نگاونان رووه‌و یه‌ك ژماره‌یی

هەواڵ / ئابوری :: 18/12/2018‌ :: 1172‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌ممه‌د
بازاڕی دۆلارى ئه‌مساڵ له‌ ئێراندا رۆژانێكی پڕ له‌ ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیریی به‌ڕێكرد، له‌سه‌ره‌تای ساڵدا نرخی هه‌ر دۆلارێك له‌ بازاڕی ئازاد دا به‌ 5000 تمه‌ن بوو، دواتر له‌ مانگی ئه‌یلولدا گه‌یشته‌ لوتكه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ و دۆلارێك بووه‌ زیاتر له‌ 19 هه‌زار تمه‌ن.

له‌دوای مانگی ئه‌یلوله‌وه‌، نرخی دراوی بیانی له‌ ئێران ورده‌ ورده‌ به‌ره‌وه‌ نزمبوونه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و دراوى ئێرانى متمانه‌ په‌یدا ده‌كاته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ سه‌ره‌تای كانوونی یه‌كه‌مه‌ دۆلار بۆ ژێر ده‌ هه‌زار تمه‌ن دابه‌زیوه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكى سایتى بی بی سی فارسی، ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایانی ئابووری پێیانوایه‌، ره‌وتی نزمبوونه‌وه‌ی دۆلار درێژه‌ی ده‌بێت و ته‌نانه‌ت باس له‌ ئه‌گه‌ری یه‌ك ژماره‌ی بوونی نرخی دۆلار ده‌كه‌ن.

ئه‌و شاره‌زایانه‌ پێیانوایه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا بوو پێش قوناغی دووه‌می گه‌مارۆكان، ئه‌وه‌ش ترس و دڵه‌راوكێی لاى هاوڵاتیانی دروستكرد، نرخی دۆلار به‌رزبوونه‌وه‌ی ناڕاسته‌قینه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌و بڵقه‌ ته‌قیوه‌، به‌ره‌و نرخى راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌ و به‌هاى دۆلار  بۆ نرخه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی داده‌به‌زێته‌وه‌.

هاوكات سیاسه‌ته‌ نوێكانی بانكی ناوه‌ندی ئێران، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دیكه‌ی دابه‌زینی نرخی دراوی بیانی و دۆلاره‌ و رۆڵی ده‌ڵاله‌كانی دراویش نابێت له‌بیر بكرێت، كه‌ ئه‌وانیش یه‌كێك بوون له‌ هۆكاره‌كانی نرخه‌ ناڕاسته‌قینه‌كانی دراو، به‌ڵام له‌ ئێستادا حكومه‌تی ئێران ده‌ستی ئه‌و ده‌ڵاڵانه‌ی له‌ كڕین و فرۆشتنی دۆلار كورتكردوه‌ته‌وه‌ و رێگه‌ به‌ چالاكی ئه‌وان نادات.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی بى بى سى، كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ له‌ شاره‌زایانی ئابووری بڕوایانوایه‌، په‌یوه‌ندی كه‌ناڵی دارایی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئێراندا دڵه‌راوكێی چالاكانی ئابووری كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان به‌گه‌شبینیه‌وه‌ چاوه‌رێی رۆژانی روونی ئابووری و درێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت و گاز ده‌كه‌ن.

به‌ڵام به‌شێكى دیكه‌ له‌ شاره‌زایان و توێژه‌رانی ئابووری پێیانوایه‌ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی له‌ بازاڕی دراودا به‌چه‌ند هۆیه‌ك كاتی ده‌بێت: به‌وپێه‌ى ماوه‌ی به‌خشین له‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران له‌سه‌ر 8 وڵات، شه‌ش مانگه‌، دوای كۆتایی هاتنى ئه‌و ماوه‌یه‌ داهاتی نه‌وتی ئێران داده‌به‌زێته‌وه‌.

كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بۆ وڵاتانی گه‌وره‌ی ئاسیای له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2018 دا بۆ كه‌مترین رێژه‌ له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا، له‌گه‌ڵ زیادبوونى داواكاری دۆلار به‌هۆی گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌ پشووه‌كانى نه‌ورۆزدا جارێكی دیكه‌ نرخی دۆلار به‌رزده‌كاته‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش دابه‌زینى نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌ جیهاندا كه‌ دووباره‌ ئه‌ویش ده‌بێته‌ هۆى  كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت، فاكته‌رێكى گرنگیش ده‌بێت بۆ  ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی ئێران ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن نرخی دۆلار له‌نزمیدا رابگرێت، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ ده‌بێت بۆ  دوباره‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ هاوڵاتیانی ئێران و شاره‌زایانی ئابووری بوه‌ته‌ جێی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئێران توانای كونتڕۆڵی نرخی دراوی له‌ وڵاته‌كه‌یدا هه‌یه‌، بۆ له‌سه‌ره‌تادا رێگه‌ی به‌ به‌رزبووه‌نه‌ی دۆلار تا ئاستى 19 هه‌زار تمه‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure