لەزانکۆی کەرکوک سێ خوێندکاری کورد دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 17/12/2018‌ :: 468‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەهۆی وتنەوەی سرودی نیشتمانی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە سێ خوێندکاری کورد لەنێو زانکۆی کەرکوک دەستگیرکران، بەرپرسی خوێندکارانیش دەڵێت: "پاش چەند کاتژمێرێک بەهەوڵێکی زۆر ئازادکراون".


دیلان محەمەد، لێپرسراوی کۆمیتەی خوێندکاران لە کەرکوک بەدواڕۆژی وت: "سەرۆکایەتی زانکۆ رەزامەندی پێنەداین یادی ئاڵای کوردستان بکەینەوە و هێزێکی زۆری ئەمنیشیان هێنابووە نێو زانکۆوە بۆ رێگری لەهەر هەوڵێک کە بۆ یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە لەلایەن خوێندکارانی کوردەوە بدرێت".

وتیشی: "لەنێو کۆلێژی یاسا و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران یادی ئاڵامان بە وتنەوەی سرودی ئەی رەقیب کردەوە و لۆگۆی ئاڵای کوردستانیش بەسەر خوێندکاراندا دابەشکرا".

ئەوەشی خستەڕوو: دەیان خوێندکاری کورد توانییان ئاڵای کوردستان بهێننە حەرەمی زانکۆوە لەکاتێکدا توندترین رێوشوێنی ئەمنی گیرابووەبەر، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە زانکۆ سێ خوێندکاری کوردیان دەستگیرکرد دواتر بە هەوڵێکی زۆر ئازادکران.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure