كاتى سه‌ردانى پارتى بۆ لاى گۆڕان و یه‌كێتیى ئاشكراكرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/12/2018‌ :: 548‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر، هۆگر کەمال
پارتى هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى و گۆڕانى ئاگاداركردۆته‌وه‌ کە سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 18ی کانونی یەکەمی 2018 سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات و سه‌ردانى شاندى پارتیش له‌سه‌ر وه‌ڵامى یه‌كێتیى ماوه‌ته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دوێنێ لیژنه‌ى دانوستانكارى پارتى، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی ئاگاداركردۆته‌وه‌ سه‌ردانى یه‌كێتى و گۆڕان ده‌كه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتیى له‌سه‌ر كاتى سه‌ردانى پارتى وه‌ڵامیان ئه‌وه‌بوو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حیزبه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى كانونى یه‌كه‌م جارێكى دیكه‌ شاندى دانوستانكارى پارتى كۆده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتیى ئاماده‌یى هه‌بێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیان بڕیاربده‌ن، ئه‌وا سبه‌ى گفتوگۆى پارتى له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر سبه‌يش شاندى پارتى نه‌چێته‌ سلێمانى ئه‌وا له‌ دوو رۆژى کۆتایى ئەم هەفتەیە وەفدى پارتى ده‌گاته‌ سلێمانى ‌و لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان ‌و یەکێتى نیشتمانى کۆدەبێتەوە.

ئاشكراشیكرد: پارتى له‌گه‌ڵ ئەوەدایە لەکۆبونەوەکانى به‌ر له‌ سه‌رى ساڵ به‌شێك لە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێ تەواوبکرێت ‌و تاکۆتایى ئەم مانگە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان هه‌ڵبژێردرێت.

هاوکات عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە دواڕۆژی وت "لەبەرئەوەی پەرلەمان متمانە دەبەخشێتە سەرۆكی حكومەت، بۆیە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە لەمساڵدا پێش سەری ساڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت و لەسەرەتای ساڵیش متمانە بە كاندیدی پارتی ببەخشێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت".

وتیشی "بەپێی ئەو دوو كۆبوونەوەیەی لەگەڵیان كردوومانە، پێمانوایە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات".


پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure