عێراق شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیایه‌كى زه‌به‌لاحى هه‌رێم خه‌رجده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 16/12/2018‌ :: 646‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌دا 16ی کانونی یەکەمی 2018، بڕیایدا به‌ خه‌رجكردنى شایسته‌ى دارایی گروپى كۆمپانیاكانى (MASS GROUP HOLDING)ى نێوده‌وڵه‌تى کە به‌ ماده‌ى نه‌وتى ره‌ش و به‌ نرخى بازاڕه‌كانى جیهان شایستەکەی بۆ خەرجکراوە، هەروەها پارەکەش به‌گوێره‌ى گرێبه‌ستێک خەرجکراوە کە ساڵى 2017 له‌گه‌ڵیدا واژۆكراوه‌.


له‌ راگەیەنراوەكەدا كه‌ ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ئه‌مڕۆ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندوه‌: خه‌رجكردنى ئه‌و شایسته‌ داراییه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ى لیژنه‌ى وزه‌ بووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى 44.2 ملیۆن دۆلاره‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئه‌و پاره‌یه‌ى كۆمپانیاى (MASS) له‌ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى كاره‌بایه‌، به‌ومه‌رجه‌ش كه‌ دوابه‌شى شایسته‌ داراییه‌كه‌ له‌ پرۆژیاساى بودجه‌ى ساڵى 2019 ته‌رخان بكرێت.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى داوه‌ به‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى بۆ دابینكردنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاووڵاتیان، تا كۆتایی ساڵى دارایی ئه‌مساڵ 31ی كانوونى یه‌كه‌مى 2018.

كۆمپانیاى (MASS) له‌ بواره‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و چیمه‌نتۆ و ئاسن كارده‌كات، له‌بوارى كاره‌بادا به‌سیسته‌مى (BOO) تواناى 7100 مێگاوات كاره‌باى هه‌یه‌ و 3000 مێگاوات له‌شارى به‌غدا به‌رهه‌مده‌هێنێت و 4100 مێگاواتیش له‌ هه‌رێمى كوردستان ، له‌گه‌ڵ 100 مێگاوات كاره‌با له‌ وزه‌ى (با) له‌ وڵاتى ئه‌رده‌ن، باره‌گاى سه‌ره‌كى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌.  

ئا: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure