یه‌كێتی خۆی بۆ مانگرتنێكی سه‌رتاسه‌ری ئاماده ‌ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 16/12/2018‌ :: 2561‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی گه‌وره ‌و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌به‌رده‌م بینای پارێزگا تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی كه‌ركوك جێبه‌جێده‌كرێت.

عه‌لی قه‌ڵایی جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "وه‌كو یه‌كێتی له‌كه‌ركوك ئاماده‌كاری بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ده‌كه‌ین و پێده‌چێت هه‌ر كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا واده‌كه‌ی دیاری بكه‌ین".

له‌باره‌ی هۆكاری خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌، وتی: "له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌وڵی زۆرماندا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی كه‌ركوك و ئیداره‌كه‌ی و رێگریكردن له‌سیاسه‌تی ته‌عریبكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌، به‌ڵام وادیاره‌ به‌شێكیان ئه‌نجامی نه‌بووه،‌ بۆیه‌ بڕیارماندا خۆپیشاندان ئه‌نجامبده‌ین بۆ پشتیوانیكردن له‌هه‌وڵه‌كانمان".

وتیشی: "له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌درێت و پاشان به‌شێوه‌ی مانگرتن له‌به‌رده‌م بینای پارێزگادا به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێده‌كرێت".

سه‌باره‌ت به‌به‌شداری حیزبه‌ كردستانییه‌كانیش، ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ لیژنه‌یه‌كیان له‌په‌یوه‌ندییه‌كان رێكخستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش كۆببنه‌وه ‌و داوایان لێبكه‌ن به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كه‌دا بكه‌ن.

عه‌لی قه‌ڵایی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌، یه‌كێتی لای خۆیه‌وه‌ ئاماده‌كاری ده‌ستپێكردووه‌ و ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و رێشوێنه‌ یاساییانه‌ن كه‌ بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی و پاراستنی خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر، له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شی كه‌ ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی نه‌درا وتی: "پێش رووداوه‌كان ناكه‌وین، به‌ڵام بۆ ئه‌و كاته‌یش قسه‌یه‌كی دیكه‌مان ده‌بێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure