پارتى سه‌ردانى یه‌كێتیى و گۆڕان دەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 16/12/2018‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تی پارتى دیموكراتى كوردستان ئاشكرایده‌كات: ئه‌گه‌ر زۆره‌ شاندى دانوستانكارى پارتى  ڕۆژى سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانى سلێمانى بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆوه‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ده‌ستیپێكردووه‌و له‌ دواى نیوه‌ڕۆش مه‌كته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ شاندى دانوستانكارى پارتى كه‌ له‌ 7 ئه‌ندام پێكدێن كۆده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا سه‌رجه‌م به‌رنامه‌و ورده‌كارییه‌كانى پارتى له‌باره‌ى پرسى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ده‌كرێت و پاشان لیژنه‌ى دانوستانكار ڕاده‌سپێردرێت بۆ سه‌ردانیكردنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌شى به‌وه‌شكرد: گه‌ڕى یه‌كه‌مى گفتوگۆكان به‌بێ هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى به‌ر له‌سه‌رى ساڵ ته‌واو ده‌كرێن و گه‌ڕى دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كانیش له‌ هه‌وڵیر ده‌بێت له‌ دواى سه‌رى ساڵ.

ئاشكراشیكرد: ئه‌گه‌رى زۆره‌ شاندى پارتى سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانى سلێمانى بكه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ى ورده‌كارى پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و پرسى كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌نجامبده‌ن.

له‌ماوى دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان، لیژنه‌یه‌كى دانوستانكارى به‌مه‌به‌ستى گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان پێكهێنا و هه‌فته‌ى ڕابردوو شاندى باڵاى پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى و خانه‌ى ڕاپه‌راندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبوونه‌وه‌.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure