شۆڕشه‌ بێ سه‌ركرده‌كان، گوزارشتێك له‌ نائومێدیى هاوچه‌رخ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/12/2018‌ :: 265‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى گاردیان وتارێكى (كارنى رۆس)ى نووسه‌رى بریتانى بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و شۆڕشانه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تیان نییه‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستاماندا روو له‌ فراوانبوونن و مه‌حاڵه‌ هیچ كه‌سێك بزانێت یان بتوانێت پێشبینیى ئه‌وه‌ بكات، كه‌ ئاخۆ چى ئه‌م شۆڕشانه‌ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، به‌ڵام ده‌زانین پاڵنه‌ره‌كه‌ بێهیوایى خه‌ڵكه‌ له‌ سیستمه‌ سیاسى و ئابورییه‌ باوه‌كان.


نووسه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا داوا ده‌كات رێگه‌ خۆشبكرێت كه‌ هه‌موو كه‌س به‌شداربێت له‌ دروستكردنى بڕیاردا تا بتوانرێت رووبه‌ڕووى ئاڵه‌نگارییه‌كان ببینه‌وه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆى نائومێدبوونیان.

نووسه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و شۆڕشه‌ بێ سه‌ركردانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى (هێله‌ك زه‌رده‌كان) و (به‌هارى عه‌ره‌بى) و (وڵستریت داگیر بكه‌ن) و بزووتنه‌وه‌ى (می توو).

كارنى رۆس، كه‌ پێشتر له‌ بریتانیا مامۆستاى زانكۆ بووه‌، چه‌ند رووداوێك به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ساده‌بوون به‌ڵام ده‌رئه‌نجامى چاوه‌ڕواننه‌كراویان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ وه‌كو خۆكوشتنه‌كه‌ى (ئه‌لبو عزێزى) له‌ تونس، كه‌ شۆڕشى له‌ چه‌ند وڵاتێكى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵگیرساند.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندیى ئاسان و خێراى ئه‌مڕۆمان ده‌رفه‌تێكى گونجاوى دروستكردووه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ شۆڕشه‌ بێ سه‌ركردانه‌.. ئه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ شۆڕشانه‌ دژایه‌تییان ده‌كات روون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌كه‌ى له‌ ئاست كێشه‌كه‌دا نییه‌ و ئه‌مه‌ش سروشتى ئه‌م جۆره‌ شۆڕشانه‌ى ئه‌مڕۆمانه‌".

دژایه‌تیكردنى حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان له‌ تونس و میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریادا هۆكارى به‌رپابوونى شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى بوون، به‌ڵام له‌ زوربه‌ى ئه‌م وڵاتانه‌دا رێككه‌وتنێك نه‌بوو له‌سه‌ر جۆرى ئه‌و حكومه‌ته‌ى كه‌ دواى رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ دێت و دیارینه‌كراوبوو چ به‌رنامه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكات.

نووسه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌م جۆره‌ شۆڕشانه‌ وه‌ك ده‌ربڕینێك له‌ نائومێدیى هاوچه‌رخ به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركرده‌ راستڕه‌وه‌ پۆپۆلیستیانه‌یش زۆر ده‌بن كه‌ له‌ شێوه‌ى دۆناڵد ترامپ-دان و هه‌وڵده‌ده‌ن شۆڕشه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى خۆیان به‌كاربهێنن".

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure