وته‌بێژی یه‌كێتی روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 14/12/2018‌ :: 625‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: جگه‌ له‌و چوار خاڵه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌ هیچ بابه‌تێكی تر له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی باس نه‌كراوه‌. 

سه‌عدی پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌رجی بۆ یه‌كێتی و یه‌كێتی مه‌رجی بۆ پارتی هه‌بووه‌ له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌". 

وتیشی :"له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوومان له‌گه‌ڵ پارتی ته‌نها باس له‌ كاری هاوبه‌ش و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و پاڵپشتیكردن له‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێى هه‌رێم كراوه‌".

سێشه‌ممه‌ى رابردوو کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی له‌سه‌ر ئاستی باڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو، دواتریش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكى چوار خاڵیدا ناوه‌رۆكى پرسه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ركراوه‌كان خرانه‌ڕوو.

سه‌عدی پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:"یه‌كێتی به‌مافی خۆی ده‌زانێت به‌هێزه‌وه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكات و هیچ مه‌رجێكیشی بۆ پارتی دانه‌ناوه‌ و پارتیش مه‌رجی بۆ یه‌كێتی دانه‌ناوه‌".

دوپاتیشیكرده‌وه‌ :"ئه‌و پرسانه‌ی له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ماوه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌". 

له‌ 30ى ئه‌یلولى رابردوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و له‌ئێستاشدا هه‌نگاوه‌كان به‌ ئاراسته‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستیپێكردووه‌.
 
پێداچونه‌وه‌: شیروان شریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure