نیگرۆپۆنتى: مرۆڤایه‌تى له‌ سه‌رده‌مێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو نزیكبووه‌ته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 14/12/2018‌ :: 232‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
له‌ كۆڕێكى فراواندا كه‌ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانى ئیمارات و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكارى عه‌ره‌بى و بیانى ئاماده‌ى بوون، دكتۆر نیكۆلاس نیگرۆپۆنتى نووسه‌رى كتێبى (ته‌كنه‌لۆجیاى دیجیتاڵى) رایگه‌یاند: مرۆڤایه‌تى خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى كه‌ بتوانێت هه‌موو نه‌خۆشییه‌كان قه‌لاچۆ بكات.


نیگرۆپۆنتى وتى: "به‌شى زۆرى پێشكه‌وتنه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى جیهانى ئێمه‌ پشتى به‌ كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ى نائاسایى به‌ستووه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تادا مایه‌ى سه‌رسووڕمان و گاڵته‌پێكردن بوون".

وتیشى: "هه‌ر به‌م خه‌سڵه‌تانه‌وه‌ ته‌كنه‌لۆجیاى دیجیتاڵى چووه‌ته‌ بوارى زانستى پزیشكییه‌وه‌ و له‌ رێگه‌دایه‌ به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانى چه‌ند ئامانجێكى سه‌رسووڕهێنى وه‌ك خوێندنه‌وه‌ى بیرۆكه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشییه‌كان له‌ڕێى بایۆته‌كنه‌لۆجى-یه‌وه‌".

نووسه‌رى كتێبى (ته‌كنه‌لۆجیاى دیجیتاڵى) باسی له‌وه‌شكردووه‌: له‌ ماوه‌ى 10 ساڵى داهاتوودا مرۆڤایه‌تى هه‌نگاوى گه‌وره‌ ده‌نێت له‌ بوارى زانیارییه‌كانى ده‌رمانناسیدا وه‌ك چۆن ئێستا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپیوته‌ردا ده‌كرێت ئاوایش له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مێشكى مرۆڤدا ده‌كرێت.

نیگرۆپۆنتى جه‌ختیكرده‌وه‌: كه‌ مرۆڤایه‌تى زۆر نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانى مرۆڤ له‌ناوببات، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ زانیارییانه‌ى كه‌ توانیویانه‌ شته‌كان زۆر وردبكه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بوارى كشتوكاڵیشدا ده‌توانرێت گه‌شه‌ به‌ كه‌رتى كشتوكاڵ بدرێت بێ پشتبه‌ستن به‌ خاك.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure