شاره‌وانى سلێمانى: تیمه‌كانمان به‌ شه‌و و رۆژ له‌ ئاماده‌باشیدان

هەواڵ / کوردستان :: 13/12/2018‌ :: 139‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
سه‌رۆكى تیمى فریاگوزارى شاره‌وانى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى بارانبارینه‌وه‌ 22 ماڵ ئاوى تێچووه‌، ده‌شڵێت: "به‌هۆى ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ى پێشتر كردبوومان كه‌مترین رووداوى لافاو و كۆبوونه‌وه‌ى باراناومان هه‌بووه‌".


ڕزگار ئه‌حمه‌د، لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزاری و سه‌رۆكى تیمى فریاگوزارى خێراى شاره‌وانى سلێمانى، به‌دواڕۆژى وت: "وه‌ك تیمى فریاگوزارى خێراى شاره‌وانى سلێمانى كه‌ له‌ (2005)ه‌وه‌ له‌ ئاماده‌كارى به‌رده‌وامدایه‌ به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزى بارانبارین و سه‌رما و دروستبوونى به‌سته‌ڵه‌ك و به‌فربارین، ئێمه‌ له‌ 15ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵه‌وه‌ ئاماده‌كارى ته‌واومان كردووه‌ بۆ وه‌رزى سه‌رما".

وتیشى: "هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌مترین حاڵه‌تى كۆبوونه‌وه‌ى باراناو و لافاو له‌ سلێمانى دروست بووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ 75%ى سنورى ماسته‌رپلانى سلێمانى خزمه‌تگوزارى پێشكه‌شكراوه‌ به‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ و شۆسته‌ و شه‌قامى قیر، هه‌روه‌ها دروستكردنى ئاوه‌ڕۆكان و درێژكردنه‌وه‌ى سندوقى بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى لافاو كه‌مبێت".

ڕزگار ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: له‌ 15ى ئه‌یلوله‌وه‌ تا ئێستاش له‌ رێگه‌ى كۆمپانیا كۆكه‌ره‌وه‌كان له‌گه‌ڵ به‌شى ئاوه‌ڕۆمان كارى پاككردنه‌وه‌ى ئاوه‌ڕۆكان كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ رێى كه‌رتى تایبه‌ت و له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگا تیمێكى فریاگوزارى له‌ كه‌رتى تایبه‌ت سه‌رقاڵى چاكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌نهۆڵ و سه‌ره‌ مه‌نهۆڵانه‌ن كه‌ له‌تواناى تیمه‌كانى ئێمه‌ نه‌بوون، ئه‌مكاره‌شیان بۆ ماوه‌ى 50 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: رێنماییه‌كانى شاره‌وانى و به‌رگرى شارستانى سلێمانى دراون به‌ هاوڵاتیان، بۆیه‌ كه‌مترین حاڵه‌تى لافاومان هه‌بوو له‌كاتى بارینى بارانى به‌خوڕى چه‌ند رۆژى رابردوودا، جگه‌له‌وه‌ش به‌ شه‌و و رۆژ تیمه‌كانمان له‌ ئاماده‌باشیدان".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌كاتى بارانبارینى دوو رۆژى رابردوودا تاچه‌ند ئاو چۆته‌ ماڵان، ڕزگار ئه‌حمه‌د وتى: "له‌ گه‌ڕه‌كانى (ئیسكان، قڕگه‌ى كۆن، خه‌لیفاوا، كه‌نه‌سووره‌، كه‌نه‌كه‌وه‌) ئاو چۆته‌ 22 ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتى نادروست له‌گه‌ڵ خاشاك ده‌كه‌ن".

پێداچوونەوە: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure