حاكم ئازاد: یاساى داواكارى گشتى رێگریى زۆرى دروستكردووه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/12/2018‌ :: 935‌ جار بینراوە
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژ-دا حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى داواكارى گشتیى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: یاساى داواكارى گشتى رێگریى زۆرى بۆ كاره‌كانى داواكارى گشتیى دروستكردووه‌ و ده‌ڵێت: "ماوه‌ى چوار ساڵه‌ داواى تێپه‌ڕاندنى یاساى داواكارى گشتیى ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێ وه‌ڵام بووه‌" ئاماژه‌شده‌دات: "به‌شێك له‌و 15 هه‌زار زێده‌ڕۆییه‌ى كراوه‌ته‌ سه‌ر موڵكى گشتى به‌ر لێبووردنى گشتى كه‌وتوون، ئێمه‌ داوامانكرد ئه‌وانه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌كه‌ن و زێده‌ڕۆییان كردووه‌ یاساكه‌ نه‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌كرا".


دواڕۆژ: چوار ساڵه‌ داواتانكردووه‌ یاساى داواكارى گشتیى هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و تێنپه‌ڕێندراوه‌، هۆكاره‌كه‌ى چییه‌ و رێگرییه‌كان چین؟ 
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
تائێستا هیچ موبه‌ڕڕێك نییه‌ بۆ هه‌موارنه‌كردنه‌وه‌ى یاساكه‌، ئێمه‌ نازانین بۆچى هه‌موارناكرێته‌وه‌؟

دواڕۆژ: ده‌وترێت ئیراده‌یه‌كى سیاسى هه‌یه‌ رێگه‌نادات یاساكه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى داواكارى گشتیى فراوان بێت، راسته‌؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
باوه‌ڕناكه‌م، ناتوانین هیچ هۆكارێك باسبكه‌م، چونكه‌ ئێمه‌ زۆر موراجه‌عه‌مان كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌، كه‌چى هه‌ر تێنه‌په‌ڕێندراوه‌ و به‌داخه‌وه‌ وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌وته‌ى ئه‌ندامانى داواكارى گشتیى، یاساى داواكارى گشتیى ده‌ستى به‌ستوون و رێگره‌ له‌ به‌رده‌م كاركردن، ئه‌و رێگریانه‌ چین؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
یه‌كێك له‌ رێگرییه‌كانى یاساى كۆنى ژماره‌ى 159ى ساڵى 1979یه‌، ئه‌و یاسایه‌ مافى ئه‌وه‌ى پێنه‌داوین تاوه‌كو داواى شارستانى ئیقاله‌ بكه‌ین، واته‌ داواى مه‌ده‌نى ئیقاله‌ بكه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و موڵك و ماڵه‌ى كه‌ به‌هه‌ده‌ردراوه‌، واته‌ ئێمه‌ ده‌توانین ته‌نیا داواى مافى سزایى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكاران تۆماربكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى كه‌ پێشكه‌شى په‌رله‌مانمان كردووه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌رچووێنرێت ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتمان واڵا ده‌كات و ده‌توانین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵكاران ببینه‌وه‌ له‌ كوردستان.

دواڕۆژ: بۆچى ئێوه‌ داواناكه‌ن یاساى داواكارى گشتیى عێراق، كه‌ ساڵى پار له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌رچوو، له‌هه‌رێم كارى پێبكرێت؟  
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
یاساكه‌ى عێراق زۆر كه‌موكوڕیى تێدایه‌، ئێمه‌ هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆین و ده‌مانه‌وێت به‌پێى یاساى خۆمان كاربكه‌ین، زۆر تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه‌ى به‌غدا هه‌یه‌ و نامانه‌وێت له‌ هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت.

دواڕۆژ: به‌شێك له‌و 15 هه‌زار كه‌سه‌ى زێده‌ڕۆییان كردووه‌ته‌سه‌ر موڵكى گشتیى به‌ر لێبووردنى گشتى كه‌وتوون، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ چین كه‌ به‌هۆى یاساكه‌وه‌ دروستبووه‌؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ زێده‌ڕۆییان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر زه‌ویوزارى ده‌وڵه‌ت، به‌ر لێبووردنى گشتى كه‌وتوون، ئێمه‌ زۆر داوامانكرد كه‌ كه‌سیان به‌ر یاساكه‌ نه‌كه‌ون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌كرا. به‌ بۆچوونى من نابێت دیارده‌ى زێده‌ڕۆیى به‌ر لێبووردنى گشتى بكه‌وێت، چونكه‌ زێده‌ڕۆیى واته‌ به‌هه‌ده‌ردانى موڵك و ماڵى هه‌رێم و ده‌بێت سزاى توندى خۆیان وه‌ربگرن.

دواڕۆژ: كه‌یسى ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌كوێ گه‌یشت؟ ئێوه‌ چاودێریى ئه‌و كه‌یسه‌كه‌ ده‌كه‌ن؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
كاره‌كانى كه‌یسى ده‌رمان به‌رده‌وامه‌ و له‌كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامدان و كاره‌كان زۆر به‌ڕێكوپێكى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و توانیومانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاى ده‌رمانسازان و وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رمانى خراپ له‌ بازاڕ نه‌مێنێت و نابێ به‌هیچ جۆرێك ده‌رمانى خراپ بمێنێت.

دواڕۆژ: ئێوه‌ به‌ ره‌سمى داواتان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ و كه‌یسى خانه‌نشینانى پله‌باڵاكان یه‌كلایى بكاته‌وه‌ و بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر نه‌هێشتنیان بدات، وه‌ڵامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چى بوو؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى چاكسازى له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینى و ئیمتیازه‌كانى دیكه‌، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى تێدایه‌ كه‌ ئێمه‌ داوامانكردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕێنرێت له‌ په‌رله‌مان ئه‌وا كێشه‌ى خانه‌نشینانى نایاسایى نامێنێت و ئێمه‌ هیوادارین له‌ داهاتوویه‌كى نزیك ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێبكرێت.

دواڕۆژ: رێكخراوه‌كانى دژه‌گه‌نده‌ڵى له‌ راپۆرتێكیاندا ده‌ڵێن: ئۆتۆمبێلى حكومى به‌شێوه‌یه‌كى نادادپه‌روه‌ر ده‌فرۆشرێت، داواكارى گشتیى بۆچى رێگریی ناكات؟  
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
حكومه‌تى هه‌رێم به‌پێى رێنماییه‌ك ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌ فه‌رمانبه‌رانى خۆى ده‌فرۆشێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى ئه‌و فرۆشتنه‌ ده‌كه‌ین و به‌پێى یاسا فرۆشتنه‌كه‌ یاساییه‌ و هیچ نایاساییه‌كى تێدانییه‌.

دواڕۆژ: بۆچى داواكارى گشتیى رێگریى ده‌كات ئه‌ندامانى به‌شدارى وۆكشۆپ و كۆنفراسه‌كان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت رێگه‌ به‌ ئه‌ندامانى نادات لێدوان بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندنیش بده‌ن؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
ئێمه‌ رێگرییمان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو داواكارى گشتیى ده‌زگایه‌كى یاساییه‌ و سه‌رۆك و جێگرى هه‌یه‌ و ناكرێت هه‌ر ئه‌ندامێك له‌هه‌ر شوێنێك به‌ ئاره‌زووى خۆى لێدوان بدات، ئێمه‌ وته‌بێژمان هه‌یه‌ و به‌ناوى داواكارى گشتیى قسه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها رێگریمان له‌ ئه‌ندامانمان نه‌كردووه‌ به‌ڵكو داوامانكردووه‌ كه‌ به‌شداریى چالاكییه‌كانى رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ وۆكشۆپ و كۆنفراسه‌كان ده‌كات پرس به‌ سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتیى بكات. ئه‌میش به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت ناوى چالاكییه‌كه‌ و شوێنه‌كه‌یمان پێبڵێت تاوه‌كو زانیاریمان هه‌بێت.

دواڕۆژ: ئێوه‌ داواتان له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كرد رێگریى بكات له‌ گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران، بۆچى داواكارى گشتیى خۆى ئه‌و كاره‌ ناكات؟
حاكم ئازاد ئه‌حمه‌د:
واجبى ئێمه‌یه‌ كه‌ دوژمنایه‌تى گه‌نده‌ڵى بكه‌ین. یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانمان رێگرییه‌ له‌ بردنى سه‌روه‌ت و سامانى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى مافى گشتی و نیزامى گشتیی، ئه‌و كارانه‌یشمان كردووه‌ و رێگریى باشمانكردووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین په‌له‌بكات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵكاران.  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure